دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق، حکومەتی فیدراڵ بەپێچەوانەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنە پێشوەختەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پێشێلکاریی گەورەی لە ڕووی ئیداری، دارایی و ئامارییەوە ئەنجام داوە.
بەپێی زانیارییەکان، دیارترین پێشێلکارییەکانی بەغدا لە سێ تەوەرەی سەرەکیدا خۆیان دەبیننەوە:
پەراوێزخستنی ڕێککەوتنەکان و سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧
حکومەتی فیدراڵ بەبێ تەواوکردنی پڕۆسەی بەراوردکاریی داتاکان لەگەڵ سەرژمێریی مێژوویی ساڵی ١٩٥٧، ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکەی ڕاگەیاندووە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەراوردکارییەکە مەرجێکی بنەڕەتیی هەرێم بووە بۆ پڕۆسەکە. هاوکات لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تیمە هاوبەشەکان بە تەواوی پەراوێز خراون و ڕێگری لە ڕۆڵی کارایان کراوە.
دەستکاریکردنی نایاسایی ئامارەکان
لە هەنگاوێکی دیکەدا، بەغدا بە شێوەیەکی نایاسایی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی دابەزاندووە بە بیانووی دەرکردنی ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە ئامارەکە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێم ئەرکی میوانداریکردن و دابینکردنی تەواوی خەرجییەکانی زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەسی ناوچە هاوبەشەکانیشی لەئەستۆ گرتووە، بەڵام حکومەتی فیدراڵ ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە قازانجی خۆی لە سەرژمێرییەکەدا هەژمار کردووە.
بڕینی شایستە داراییەکان و شاردنەوەی داتاکان
لە درێژەی پێشێلکارییەکاندا، بەغدا لە پێدانی مافە داراییەکان پاشەکشەی کردووە و ئامادە نییە بڕی ١٣.٨ ملیار دینار کە وەک خەرجییەکانی پڕۆسەی سەرژمێری بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان کرابوو، خەرج بکات. هاوکات بە پێدانی پاساوی نالۆژیکی، ڕەتیدەکاتەوە داتا خاوەکان ڕادەستی هەرێم بکات و سەرجەم هەوڵە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی لەو بارەیەوە پشتگوێ خستووە.

