ئەڤیگدۆر لیبەرمان، سەرۆکی پارتی ئیسرائیل بێتینۆ لە وەڵامی پشتگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ترەمپ بەوە ئاسوودەیە کە ئیسرائیل لە رێگەی “بووکەڵەکەی، بیبی”ـەوە ئاراستە بکات.
لیبەرمان لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی 103 ئێف ئێم، کە سەر بە رۆژنامەی مەعاریڤە، پەیوەندیی نێوان ترەمپ و ناتانیاهو بە ناخۆش وەسف کرد. ئەو روونیکردەوە، ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو ناتانیاهو هێرشێک لە بەیرووت ناکات، چونکە داوای لێکردووە ئەو کارە نەکات و نەتانیاهو هەرچییەکی پێ بگوترێت جێبەجێی دەکات.
بە بڕوای لیبەرمان، ترەمپ بە ئاسوودەییەوە سەیری ئەو دۆخە دەکات کە ئیسرائیل لە رێگەی ناتانیاهو وەک بووکەڵەیەک لە دەستیدا بەڕێوە دەچێت.
سەبارەت بە هۆشداریی ترەمپ لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانێکی دیکە، لیبەرمان گوتی: “رێز لە سەرۆک ترەمپ دەگرم، ئەو خزمەتێکی زۆری بە هاووڵاتییانی ئیسرائیل کردووە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەست هاووڵاتییانی ئیسرائیلدایە”.
لیبەرمان روونیکردەوە، هەر سەرکردەیەک لە ئیسرائیل هەڵبژێردرێت، دەزانێت چۆن بە کاریگەرییەکی زۆرەوە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ یان هەر کەسێکی دیکە کار بکات. ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرە و پێویستە بەو بنەمایە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەرکی من نییە لێکدانەوە بۆ قسەکانی سەرۆک ترەمپ بکەم، بەڵام بڕیارەکە هی ئێمەیە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاردانەوەی بۆ قسەکانی یینۆن ماگال، کە تێیدا غادی ئایزینکۆت، سەرۆکی پارتی یشارـی بە “مەیموون” ناوبردووە، لیبەرمان جەختیکردەوە تووشی شۆک نەبووە و ئەو هەڵوێستەی بە “هاوپەیمانییەکی رەگەزپەرست” وەسف کرد.
لیبەرمان ئەوەشی خستەڕوو، بازنەکانی سەر بە نەتانیاهو سووکایەتییان بە گرووپێکی دیکەی کۆمەڵگەش کردووە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵێکی بێزارکەر هەبووە بۆ گاڵتەکردن بە شێوەزاری رووسی لەلایەن عەمیتای چیکلی، وەزیری کاروباری دیاسپۆراوە.

