دوای نقوومبوونی کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز، سەدان کۆنتێنەر لەسەر ئاوەکە سەرئاو کەوتوون، ئەمەش وایکردووە خەڵک بەدوای کەلوپەلی گرانبەهادا بگەڕێن. بەپێی ڕۆژنامەی گاردیان، لە 14ـی ئۆکتۆبەر کەشتی “GFS Pride”ی سەنگافوری لە قەراغەکانی عومان بەهۆی مین یان مووشەکەوە نقووم بوو. لەکاتێکدا هەر 21 تیمی کەشتییەکە ڕزگاریان بوو، دەیان کۆنتێنەر لە کۆی 2500 کۆنتێنەر سەرئاو کەوتن. بە پاڵپشتی وێنەی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە کۆنتێنەرەکان ئایفۆنیان تێدایە، هەرچەندە ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران هۆشدارییان دا لە بردنی کەلوپەلەکان. پۆلیسی ئەلیکترۆنیش هۆشداری دا لە کڕینی ئەو مۆبایلانە چونکە بەهۆی ئاوی سوێرەوە زیانی ناوەکییان پێدەگات. لە ماوەی 10 ڕۆژدا لانیکەم 15 کەشتی لەو گەرووەدا هێرشیان کراوەتە سەر. لەلایەکی دیکەوە، پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە مەترسییە ژینگەییەکان؛ وەک دزەکردنی سووتەمەنی و ماددە کیمیاییەکان، هەروەها دەنگی تەقینەوەکانیش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاژەڵەکانی وەک دۆلفین هەیە و زیان بە پڕۆژەکانی ماسی و پاڵاوتنی ئاو دەگەیەنێت.

