zagros news agency

وەزیری شەهیدان بۆ زاگرۆس: لە پاش پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢٧، مووچەی زیندانیانی سیاسی دەبێتە ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار

 

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ زاگرۆس ڕایگەیاند کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران زۆر ڕژدن لەسەر خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و دابینکردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانیان، هەروەها ئاشکرای کرد کە لەدوای پەسەندکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و تەرخانکردنی بودجەی پێویست، مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە ٥٠٠ هەزار دینارەوە دەبێتە ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار.

 

وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوە دا کە سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە و تەنیا دیاریکردن و دەستنیشانکردنی شوێنی زەوییەکان ماوە، داواشی کرد هەرکەسێک کێشەی لە ناوەکەیدا هەیە سەردانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بکات. ڕوونیشی کردەوە بەگوێرەی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١١ خزمەتگوزارییەکان بۆ زیندانیانی سیاسی کراونەتە دوو بەش؛ بەشێکیان هاوکاری داراییان بۆ خەرج کراوە و پرۆسەکە بۆ بەشەکەی دیکەش بەردەوام دەبێت.

 

لەبارەی پرسی یەکخستنی مووچە و شایستەکان، ڕایگەیاند کە دوو لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی حکوومەتی عێراق هەیە و لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق داوای کردووە شایستە داراییەکانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی بەغدای لێ بکرێت، لە ئێستاشدا لایەنی ئیداری و کارگێڕی ڕێکخراوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەپێی پێشنیازی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا بڕوات.

 

جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە بەغدا ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینارە لە کاتێکدا لە هەرێم ٥٠٠ هەزار دینارە، بەڵام بە پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢٧ دەکرێتە ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار، وەزارەتیش بە هەموو توانایەوە لە هەوڵدایە بۆ تەواوکردنی ئەو مافە داراییە ڕەوایانەی کە ماون و پرۆسەکە بە شێوازێکی ڕێک و پێک بەڕێوە دەچێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

له‌ سعوودیه‌ دانانی زمانی کوردی بۆ حاجیان ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌

دڵشاد

ماڵێکی هونەری بۆ هونەرمەند دارا محەمەد عەلی کرایەوە

ART

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بە جێگیری ماوەتەوە

سەڵاح