وەزیری نەوتی عێراق، باسم عبادی، جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی خستنەگەڕی هەوڵی زیاتر و گرتنەبەری ئەو ڕێکار و بڕیارانەی کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز دەکەنەوە؛ هاوکات داوای بەرزکردنەوەی تێکڕای هەناردەکردنی کرد بۆ پشتیوانیکردنی ئابووریی نیشتمانی.
وەزیری نەوت لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردەوە کە بەرزکردنەوەی تێکڕای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەت و حکومەتدا دێت بۆ زیاترکردنی داهاتە داراییەکان، کە پاڵپشتیی حکومەت دەکات لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.
عبادی جەختی لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی ڕۆڵی سەرکردایەتی لەلایەن بەرپرسانی دامەزراوە نەوتییەکانەوە کردەوە تاوەکو ئەو بڕیارانە بدەن کە لە بەرژەوەندیی پەرەپێدانی کارەکانە لە چوار کەرتی سەرەکیی وەزارەتدا.
وەزیری نەوت لە کاتی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی شانەی قەیراندا، ڕێنمایی دا بە کۆمپانیاکانی دەرهێنانی سەر بە وەزارەت بۆ پێشکەشکردنی پلان و دیدگاکانیان بە مەبەستی گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنان بە ئاستێک کە لەگەڵ قەبارەی سەروەت و سامانە نەوتییەکەی عێراقدا بگونجێت.

