حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان لە رەشنووسی بودجەی گشتیی ساڵی 2027ی عێراقدا، هاوکات هەنگاوی کردارەکیش بۆ چارەسەرکردنی گرفتە خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای دهۆک دەنێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕایگەیاند؛ لە ئێستادا شاندێکی هەرێم لە بەغدایە و لە گفتوگۆیەکی چڕدایە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بە مەبەستی جێگیرکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی 2027دا. ڕوونیشی کردەوە کە رەشنووسی ئێستای بودجە لە ئاست چاوەڕوانی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمدا نییە، بۆیە شاندی دانوستانکار سوورە لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاریی پێویست بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی دادپەروەرانە. ئاشکراشی کرد کە لە یەک تا دوو رۆژی داهاتوودا، شاندێکی حکوومەتی عێراق سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئاخاوتنەکەیدا، گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بە سەردانە مەیدانییەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ پارێزگای دهۆک کرد و گوتی: “چەند ڕۆژێکە مەسرور بارزانی لە دهۆکە و بەردەوام دەبێت لە مانەوەی، بە مەبەستی گوێگرتنی ڕاستەوخۆ لە داواکاری و سەرنجەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی دەڤەری بادینان.”
زیاتر گوتیشی، سەرۆکی حکوومەت کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە ئەنجام داوە و بڕیاری داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ تاوتوێکردن و بەدواداچوونی هەموو ئەو داخوازییانەی خستراونەتە روو، تاوەکو لە چوارچێوەی تواناکاندا باشترین خزمەتگوزاری بە دانیشتووانی ناوچەکە پێشکەش بکرێت.

