ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕای گەیاند، بەرهەمهێنانی تلیاک لە ئەفغانستان سەرەڕای قەدەغەکردنی چاندنی خەشخاش لەلایەن تاڵیبانەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ڕووبەری ژێر چاندنی خەشخاش لە ئەفغانستان بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو چوار هێندە بووە و بڕی بەرهەمهێنانی تلیاکیش بە پێنج هێندە زیادبوونەوە، گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠٠ تۆن.
بە گوتەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمە یەکەم زیادبوونی بەرچاوی چاندن و بەرهەمهێنانی تلیاکە لە ئەفغانستان لەدوای جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢٢دا.
ئەم ڕێکخراوەیە دەڵێت، هەندێک لە جووتیارە هەژارەکانی ئەفغانستان بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانەکانیان، جارێکی تر پەنایان بۆ چاندنی خەشخاش بردووە.

