بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ شاری کەرکووک کۆببێتەوە؛ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش لە ئەنجوومەنەکە ڕایدەگەیەنێت، پارێزگارە نوێیەکە لە پێکهاتەی بەرەی تورکمانی دەبێت و قەحتان وەنداوی پۆستەکە وەردەگرێت.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس، حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سبەی کۆبوونەوەی تایبەتی خۆی ئەنجام دەدات، کە تێیدا بڕیاری کۆتایی لەسەر دیاریکردنی پارێزگاری نوێی کەرکووک دەدرێت.
حەسەن شێخانی ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان، پارێزگارە نوێیەکە لە بەرەی تورکمانی دەبێت و قەحتان وەنداوی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک کاندید کراوە و دەستبەکار دەبێت.

