zagros news agency

گوتەبێژی حکومەت: پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، کە عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ڕۆژی پێنجشەممە بە سەردانێکی فەرمی بەرەو کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێدەکەوێت. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە قسەکردن لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ سەردانێکی فەرمی بۆ سووریا هێشتا پێشوەختەیە.
عەبوودی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەم سەردانەدا تاوتوێی چەندین دۆسیەی دوولایەنە و هەرێمی دەکرێت، بەتایبەتی هاوکاری لە بوارەکانی وزە و کشتوکاڵدا، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەسەر دواین پێشهات و بارودۆخی ناوچەکە.
لەبارەی مووچە و پاراستنی کێڵگە نەوتیەکانی هەرێم گوتی: بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دڵنیاییە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. هەروەها روونی کردەوە، حکومەتی عێراق ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کێڵگە نەوتییەکانی لە ئەستۆدایە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بەهۆی هەڵوێستە ستراتیژییەکانی و تێوەنەگلانی لە ململانێکاندا، بووەتە جێگەی سەرنجی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان. هەروەها دووپاتی کردەوە کە حکومەت سیاسەتی کرانەوە بەرامبەر بە سەرجەم وڵاتان پەیڕەو دەکات و سەردانەکەی ئەم دواییەی واشنتن بووەتە هۆی واژۆکردنی 48 ڕێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن.
عەبوودی باسی لەوەش کرد، شاندێکی حکومی لەگەڵ لایەنی ئێرانی کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی وزە، بەتایبەتی بەردەوامبوونی هەناردەکردنی غازی ئێرانی کە بۆ عێراق دابین دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە زەیدی لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵادا سەردانی تورکیا دەکات بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەک، کە لە پێشەنگیاندا دۆسیەی ئاوە. ئاماژەی بەوەش کرد عێراق لە میانەی جیاوازی سەردانە دەرەکییەکانیدا، بەردەوامە لە پێشکەشکردنی دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا، ڕوونیکردەوە کە تا ئێستا هیچ وادەیەکی فەرمی بۆ سەردانەکەی زەیدی بۆ دیمەشق دیاری نەکراوە، و جەختی کردەوە کە عێراق بەڕووی هەموواندا کراوەیە، بەڵام دیاریکردنی کاتی ئەم سەردانە هێشتا پێشوەختەیە.
عەبوودی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بابەتێکی سەروەریی عێراقە، لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا جێبەجێ دەکرێت و تەنها هاووڵاتیانی عێراقی دەگرێتەوە.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بانکی ناوەندی لە ڕێگەی سپاردنی بڕە پارەیەکەوە بەشداری دەکات لە دامەزراندنی سندوقی گەشەپێدانی وەبەرهێنان، و ئاشکرایکرد کە چەندین وڵاتی ناوچەکە و دۆست بە هەمان شێوە بەشداری لەم سندوقەدا دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان

یاسین

کەشناسی: شەپۆلێکی گەرما هەرێم دەگرێتەوە

گوران

ئه‌مه‌ریكا له‌ ده‌نگۆی ناردنی سه‌رباز بۆ ئۆكرانیا له‌لایه‌ن كۆریای باكووره‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌

سەڵاح