وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، رایگەیاند، دەست بە رەوانەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی تورکیاوە کراوەتەوە بە توانای سەرەتایی 120 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، جەختیشی کردەوە، قۆناغ بە قۆناغ توانای هەناردەکردن تا 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزدەکرێتەوە.
باسم محەمەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە “بۆ مەبەستی هەناردەکردن، دەست بە رەوانەکردنی نەوتی خاو کراوەتەوە لە رێگەی بۆریی کۆنی عێراق–تورکیاوە، بە توانای هەناردەکردنی سەرەتایی 120 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا”.
وەزیری نەوت روونیشیکردووەتەوە، ئەم هەنگاوە دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی کارەکانی چاککردنەوە، نۆژەنکردنەوە و پشکنینە تەکنیکی و کارپێکردنەکان دێت، کە بە هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەوامی وەزارەتی نەوت و کادیرە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانی ئەنجامدراوە، هاوکات دووپاتیشی کردەوە کە “توانای هەناردەکردن بە شێوەیەکی پلەبەندی بەرزدەکرێتەوە تا دەگاتە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا”.
باسم محەمەد ئەوەشی خستووەتە ڕوو “ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی ستراتیژیی گرنگە بۆ بەهێزکردنی توانای هەناردەکردنی عێراق و هەمەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو، سەرەڕای بەدەستهێنانی داهاتی دارایی زیاتر بۆ ئابووریی نیشتمانی، بەتایبەتی کە هەناردەکردن لە ڕێگەی دەروازەی باکوورەوە ڕێگە دەدات نەوتی خاو بەبێ داشکاندنی نرخ بەبازاڕ بکرێت”.

