بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە تۆمەتبارن بە دزینی تابلۆی ئۆتۆمبێل و ئەنجامدانی چەندین تاوان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بەشی نەهێشتنی تاوان / نووسینگەی تاوانی باکوور، توانیویانە دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. ش. ی.) و (ع. ع. م.) دەستگیر بکەن.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو دوو تۆمەتبارە لە چەندین نووسینگە و بنکە داواکراو بوون و تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی چەندین تاوان، هاوکات تابلۆی چەندین ئۆتۆمبێلیان دزیوە و تاوانیان پێ ئەنجامداوە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباراندا دەست گیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلی ژمارە ساختە و چەکی بێمۆڵەت لە جۆری دەمانچە و کڵاشینکۆف، لەگەڵ کۆمەڵێک فیشەکدا.
لە ئێستاشدا تۆمەتباران لە چوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکاندا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

