گوتەبێژی حکومەتی عێراق حەیدەر عەبوودی، جەختی کردەوە کە هەڵمەتی حکومیی «سەولەت ئەلفەجر» بەردەوامە و قەبارەی پارە گەڕێنراوەکانی گەندەڵی گەیشتووەتە زیاتر لە دوو تریلیۆن و ٦٨٢ ملیار دینار، سەرەڕای زیاتر لە ٧٨١ ملیۆن دۆلار، هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پارانە دەچنە ناو سندووقی نەوەکانەوە کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ـدا هاتووە.
حەیدەر عەبوودی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی ڕاگەیاند کە هەڵمەتی «سەولەت ئەلفەجر» بە کردەیی نەوەستاوە و ئەنجامەکانی لە ڕێگەی ئەو بڕیارە دادوەرییانەی دژی تاوانباران دەرچوون، بە شێوەیەکی ڕوون دەرکەوتوون، کە سیاسەتمەدار، پەرلەمانتار و کەسایەتییە مەعنەوییەکانیش دەگرێتەوە.
ڕوونی کردەوە کە ئەنجام و ئاماژەکانی ئەم هەڵمەتە لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە هاوشێوەی نەبووە.
ئاماژەی بەوەش دا کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی زەیدی، وەک بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سیاسەتی گشتیی دەوڵەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لەم ئەرکەدا تەواوکەری هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانانە، چونکە حکومەت بە تەنها و بەبێ ئەم تەواوکارییە ناتوانێت لە تەواوکردنی ئەم دۆسیەیەدا بەردەوام بێت.
گوتەبێژی حکومەت جەختی کردەوە کە ئەو پارانەی لە تۆمەتبارانی گەندەڵی وەرگیراونەتەوە بڕی زیاتر لە دوو تریلیۆن و ٦٨٢ ملیار دینار و زیاتر لە ٧٨١ ملیۆن دۆلارن، و دەچنە ناو سندووقی نەوەکان کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ـدا جێگیر کراوە.
دووپاتیشی کردەوە کە سندووقی نەوەکان بۆ یەکەمجار ئاراستەیەکە بۆ دابینکردنی داهاتووی نەوەکان و پاڵپشتییەکی داراییە کە پشتگیریی داهاتە نەوتییەکان و گەنجینەی دەوڵەت دەکات.

