zagros news agency

خەمیس خەنجەر: پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەین

 

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە لە راگەیەندراوێکدا جەختی لە پابەندبوون بە دیالۆگ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا کردەوە، بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و خوێنی هاووڵاتییان.

خەنجەر رایگەیاند، عێراق لە قۆناغێکی هەستیاری سەقامگیرکردن و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتدایە. حکوومەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە قۆناغی ئێستادا بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی گەورەی لە ئەستۆدایە، لەوانەش سەپاندنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە پاڵپشتیی خۆی بۆ رێکارەکانی حکوومەت لە پێناو کۆتاییهێنان بە بەقاچاخبردنی نەوت و لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان بەبێ جیاوازی دووپاتکردەوە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی سامانی گشتی بۆ سەرجەم عێراقییەکان.

خەنجەر لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا پشتگیریی خۆی بۆ بانگەوازی هەرێمی کوردستان لەبارەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەربڕی. ئامانج لەو هەنگاوە گەیشتنە بە رێککەوتنێکی دەستووری کە رێگری لە چالاکییە نایاساییەکان لە سنوورەکان و ناوخۆی عێراقدا بکات.

هاوکات خەنجەر پێشنیازی پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵای لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد. ئەرکی ئەم لێژنەیە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان بەپێی دەستوور دەبێت، بە جۆرێک بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی بپارێزێت و سەروەریی یاسا بچەسپێنێت.

سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد، پەلە بکات لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، بە شێوەیەک کە مافی سەرجەم هاووڵاتییان مسۆگەر بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

عادل باخەوان بۆ لۆمۆند: هەژموونی ئێران، پرۆسەی هەڵوەشانەوەی عێراقی خێراتر کردووە

سەڵاح

مەسعود پزیشکیان گەیشتە بەغدا

یاسین

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات

یاسین