ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

کاندیدی نوێی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کارە لەپێشینەکانی لەو وڵاتە ئاشکرا دەکات

ترەیسی جاکۆبسۆن، کاندیدی نوێ بۆ شوێنگرتنەوەی ئێلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، گوتی: پێداچوونەوەی بە لیستی ئەو ئەرکانەدا کردووە کە لە عێراق کاریان لەسەر دەکات، هاوکات باسی لە “گواستنەوەی ڕۆڵی سوپای ئەمەریکا لە عێراق” کرد بۆ ڕێکخستنێکی ئەمنی دوولایەنە .
جاکۆبسۆن لە میانی وتارێکیدا لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران گوتی: ئەگەر دامەزراندنەکەم پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوا کارە لەپێشینەکانم پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمەریکی و بەهێزکردنی هاوبەشی دوولایەنەمان دەبێت بۆ پشتگیریکردن لە ستراتیژی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان.
جاکۆبسۆن جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و سەروەری عێراق کردەوە، بەتایبەتی کە داعش هێشتا مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای 10 ساڵ لە گەڕانەوەی هێزەکانمان بۆ عێراق بۆ شەڕی داعش، کاتی ئەوە هاتووە سوپاکەمان بەرەو ڕۆڵێکی نوێ هەنگاو بنێت، من دڵنیا دەبمەوە لەوەی هەر گواستنەوەیەک لە ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی سروشتییەوە بۆ ڕێکخستنێکی ئەمنی دوولایەنە ئاراستەی شکستپێهێنانی داعش و دڵنیابوون لە ئاسایشی عێراق”.
جاکۆبسۆن ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی گەشەسەندنی ئابووری، و حکوومەتێک کە توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی هەبێت بۆ خەڵکەکەی، تیرۆر کەمدەکاتەوە و هەروەها کاریگەری میلیشیاکان کەمدەکاتەوە، “کە مەترسییەکی گەورە بۆ ئایندەی وڵات دروستدەکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێمە درک بەوە دەکەین کە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر عێراق میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێرانن”، جەختیشی لەوە کردەوە کە “بە هەموو ئامرازە سیاسییە بەردەستەکان کاردەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە و سنووردارکردنی کاریگەریی ئێران”.
جاکۆبسۆن جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ڕێوشوێنەکانی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ مۆدێرنکردنی سیستەمی بانکی عێراق، هەروەها ڕێگە بە ئێران نادات ئەو گازەی کە بۆ کارپێکردنی وێستگەکان دابینکراوە وەک چەکێک دژی عێراق بەکاربهێنێت.
لە 26ی 1ی 2024، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا نیازی خۆی بۆ کاندیدکردنی ترەیسی ئان جاکۆبسۆن بۆ پۆستی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و جێگرتنەوەی ئێلینا ڕۆمانۆوسکی ڕاگەیاند.
ئا:ج

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری دەرەوە تورکیا سه‌ردانی ئەمریکا دەکات

سەڵاح

کەرکووک… تەقە لە بارەگای لقی 3ی پارتی کرا و هیچ زیانی نه‌بووه‌

سەڵاح

چیرۆکی ئەو وێنەیە دەزانن؟؟

یاسین