ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بنکەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری ئەوروپا هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره‌، له‌ ئاماده‌باشیه‌كی ته‌واو دان

دوای ئەوەی هەواڵگری نوێ هۆشداریدا لە ئەگەری هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سه‌ر دامەزراوەکان یان کارمەندانی ئه‌مه‌ریكا لە سەرانسەری ئەوروپا، بنکە سەربازییەکان و کارمەندانی ئەمەریکا كه‌وتوونه‌ته‌ حاڵەتی ئامادەباشییەکی زۆر.

بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاستکردەوە کە دامەزراوە سەربازییەکان لە سەرانسەری فەرماندەیی ئەوروپای ئەمەریکا (EUCOM) بەرزکراوەتەوە بۆ حاڵەتی پاراستنی هێز “چارلی”، ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەگەری جۆرێک هێرشێکی هەیە.

بەرپرسەکە وردەکاری لەسەر ناوەڕۆکی ئەو هەواڵگرییە نەخستەڕوو کە بووەهۆی ئەو گۆڕانکارییە، هەرچەندە بەرپرسانی دژەتیرۆر لە چەند وڵاتێکەوە هۆشدارییان لە هەڵکشانی مەترسی داوە، لەوانە هەندێکیان سەبارەتن بە ئۆڵۆمپیادی هاوینەی داهاتوو لە پاریس.

ئەو بەرپرسەی بەرگری ئەمەریکا وتی کە سوپای ئەمەریکا ” هەنگاوی زیاتر دەنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هێزەکانی ئەمەریکا لە چالاکانیاندا بەئاگا و وریا بن.”

هاوکات دووەم بەرپرسی ئەمەریکایی کە بە مەرجی ئەوەی ناوی ئاشکرا نەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە هەواڵگرییەکان، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوە شێوازی هەڕەشەیەکی گشتی بووە نەک یەک پارچە هەواڵگری، کە بووەتە هۆی زیادبوونی دۆخی پاراستنی هێز.

ئەو بەرپرسە بە دەنگی ئەمەریکای وتووە “هیچ هەڕەشەیەکی تایبەت و نزیک بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا نییە”. واتە ئەمە هەنگاوێک بووکە بە مەبەستی زیاتر بە ئاگاهیبوون نراوە.”

راگەیاندنێکی ڕۆژی دووشەممەی “ئیوکۆم” بە هەمان شێوە ئاماژەی بەوە کردووە کە زیادبوونی ڕێوشوێنەکانی ئاسایش دەر ئەنجامی تێکەڵەیەک لە هۆکارەکانەوەیە.

ئیوکۆم “ئامۆژگاری کارمەندانی لە پانتایی ئەوروپیدا کاردەکەن وریا بن و لە هەموو کاتێکدا بەئاگابن، لەوانەش ڕاپۆرتکردنی چالاکییە گوماناوییەکان و چاودێریکردنی رێنوماییەکانی گەشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و هەروەها جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی کەمکردنەوەی مەترسی لەسەر کەسەکان“.

لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی مانگی ڕابردوو لەلایەن دامەزراوەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەناوی Recorded Future بڵاوکرایەوە، هۆشداریداو وتی وێڕای مەترسی ئاست بەرزی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، بەڵام گەورەترین مەترسی لەسەر ئۆڵۆمپیادی پاریس ئەگەری هێرشی تیرۆریستی لەسەر هەیە.

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا پێشتر بەلایکەم دوو پیلانی تیرۆریستی جیاوازیان پووچەڵکردوەتەوە. لە یەکێک لە کەیسەکاندا،ئەو گومانبارە تەمەن 18 ساڵە بە پیلانگێڕی تۆمەتبارکراوە بۆ ئەنجامدانی هێرشکردن بەناوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە بۆ سەر یەکێک لەو یاریگایانەی کە وەک شوێنی ئۆڵۆمپیاد بەکاردەهێنرێت .

بەرپرسانی باڵای دژە تیرۆری ئەمەریکا دانیان بەوەدا ناوە کە گرووپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی کە بە داعش ناسراوە، لە چەند مانگی ڕابردوودا گوڕی داوەتە خۆی. زۆربەی نیگەرانییەکان لەسەر لایەنی گرووپی ئەفغانی بووە کە بە داعشی خۆراسان ناسراوە.

جێن داسکڵ، جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی ناوخۆی کۆشکی سپی هەفتەی ڕابردوو لە کۆنفرانسدا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر وتی: هەریەک لە داعش و داعش- خۆراسان توانایی و نیازیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەکی پیشانداوە .

هەروەها کریستین ئەبیزاید بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە مانگی ئایاری ڕابردوودا هۆشداریدا سەبارەت بە داعش-خۆراسان.

بەرپرسانی کاروباری دژە تیرۆری ئەمەریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەبارەی ئەوەی کە داعش- خۆراسان لە بەکارهێنانی تۆڕە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان و تۆڕی قاچاخچێتی مرۆڤ شارەزاتر بووە و پیلانیان بۆ ناردنی کارگێڕەکانیانە بۆ ئەمەریکا هەیە .

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

باران بارین به‌رده‌وام ده‌بێت

یاسین

حزبوڵلا دوای لە ئێران کردووە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل

سەڵاح

لالیگا.. ریال مەدرید سەرەڕای بوون بە پاڵەوان بەردەوامە لە سەرکەوتنەکانی

sirwan