ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بەغدا.. پارێزەرێک بە کوژرای لە نووسینگەکەی خۆی دۆزرایەوە

 

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەغدا ڕایگەیاند، پارێزەرێك لەناو نووسینگەکەی خۆی لە بەغدا بە کوژراوی دۆزراوەتەوە، لای خۆیەوە سەندیکای پارێزەرانیش بەڵێنی دا ئەو تاوانە بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی بەغدا ئاشکرا بکات.

سەرچاوەکە بە سۆمەرییە نیوزی ڕاگەیاندووە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان سەلماندوویانە کە چەند چەکدارێکی نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر نووسینگەی پارێزەرەکە لە ناوچەی عەتیفییە لە باکووری بەغدا و بە دەمانچە تەقەیان لێ کردووە و دەستبەجێ مردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستە ناوچەکە بە تەواوی گەمارۆ دراوە بۆ دۆزینەوەی تاوانبارەکە.

لای خۆیەوە، سەندیکای پارێزەران لە بەغدا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە، تێیدا ماتەمینی بۆ ئەحمەد عەباس کازم ئەسەدی پارێزەر گێڕا، ئەوەش دوای ئەوەی تەرمەکەی لە نووسینگەکەی خۆی لە نزیک دادگای لێکۆڵینەوەی کازمییە بە کوژراوی دۆزرایەوە، ئەوەش دوی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە لە دوێنێ ئێوارە لەگەڵیدا پچڕاوە.

سەندیکاکە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی عێراق، پارێزەر ئەحلام ئەللامی، بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ڕووداوەکە دەکات بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان.

ئەللامی ڕاشیگەیاند، سەرەخۆشی و هاوخەمی دڵسۆزانە ئاراستەی پارێزەران و بنەماڵەی کۆچکردوو دەکەین، هەروەها سەندیکا پابەندبوونی خۆی بە بەدواداچوونی ڕێکارە یاساییەکان و ئاشکراکردنی بارودۆخی تیرۆرکردنەکە دووپات دەکاتەوە.

سەرۆکی سەندیکای پارێزەران ئاماژەی بەوە دا “وردەکاریی وردی ڕووداوەکە ڕادەگەیەنرێت و ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوەی پێویست لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنییەوە دەگیرێتەبەر”.

لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی بەسرە ڕایگەیاند، پارێزەرێک لە هەوڵی تیرۆرکردن لە باشووری پارێزگای بەسرە لە عێراق ڕزگاری بووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕاشیگەیاندووە، دوای ئەوەی پارێزەرەکە بۆ کارەکەی دەچێت، لە شارۆچکەی زوبەیر لە بەسرە لەلایەن چەند کەسێک دەستڕێژی تەقەی لێ دەکرێت، بەڵام لەو هەوڵی تیرۆرکردنە ڕزگاری دەبێت.

دەشڵیت: ڕووداوەکە بەهۆی دۆسیەیەک بووە لە دادگا.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

یاسین

لە ئێران پێنج بوومەلەرزەی یەک لەدوای یەک ڕوویان دا

سەڵاح

بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی 16مین پێشانگای نێودەوڵەتی كتێب لە هەولێر دەكرێتەوە

یاسین