ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئەمەریکا کۆتوبەند دەخاتە سەر ئەو کۆمپانیایانەی هاوکاری ئێران و پاکستان دەکەن

 

ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا زیاتر لە دوو دەرزەن لایەنی زیادکردە سەر لیستێکی ڕەشی بازرگانی لەسەر ئەوەی گوایە پشتیوانییان لە بەرنامەکانی گەشەپێدانی چەک و درۆن لە ئێران و پاکستان کردووە، هەروەها لەسەر چەندین پرسی دیکە، لەوانەش یارمەتیدانی ڕووسیا لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا.

وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا وتی سزاکان بەسەر 26 لایەندا سەپێندراوە، زۆربەیان لە پاکستان و چین و ئیماراتن، دەوترێت یاساکانی کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردنییان پێشێل کردووە و بەشداربوون لە ” بەرنامەکانی ئەو چەکانەدا کە جێی نیگەرانین ” یاخود خۆیان لە سزاکانی ئەمەریکا و کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردنەکان بۆ ڕووسیا و ئێران دزیوەتەوە.

زیادکردنییان بۆ سەر ” لیستی لایەنەکان ” لە دەستڕاگەیشتنییان بە شتومەک و تەکنەلۆجیای ئەمەریکایی بەبێ مۆڵەتی حکومەتی ئەمەریکا ڕێگرییان لێدەکات.

جێگری وەزیری بازرگانی بۆ پیشەسازی و ئاسایشی ئەمەریکا ئالن ئێتیڤێز وتی ” ئێمە کاراین لە بەرگریکردن لە ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا لە کارەکتەرە خراپەکان.”

وتیشی ” کارەکانی ئەمڕۆمان پەیامێک دەنێرن بۆ کارەکتەرە خراپەکان لەسەر ئەوەی کە ئەگەر یاساکانی ئێمە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەناردەکردن پێشێل بکەن ئەوا باجەکەی دەدەن.”

نۆ لایەن لە پاکستان بە تۆمەتی کۆمپانیای سەرەکی و بریکاری پەیداکار بۆ ڕێکخراوی توێژینەوەی ئەندازیاریی پێشکەوتوو تۆمەتبار کراون، ڕێکخراوەکە پێشتر خراوەتە لیستی ڕەشەوە.

دەوترێت لە ساڵی 2010 ەوە گروپەکە شتومەکی ئەمەریکایی پەیدا کردووە و بەکارهێنەرەکەی شاردووەتەوە، بەکارهێنەرەکانیش لایەنێکی پاکستانییان تێدایە کە بەرپرسە لە بەرنامەی موشەکی کروز و دڕۆنی ستراتیژی پاکستان.

وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا وتی ” ئەم چالاکییە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکایە.”

شەش لایەنی چینیش خراونەتە سەر لیستی لایەنەکان لەسەر ئەوەی گوایە شتومەکی ئەمەریکاییان پەیداکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە نوێکردنەوەی سوپای چیندا یاخود یارمەتیدانی بەرنامەکانی چەک و دڕۆنی ئێران.

سێ لایەنی دیکە لە ئیماڕات و لایەنێکی تر لە میسڕ هەوڵییانداوە بۆ دەستکەوتنی پارچەی ئەمەریکایی بۆ خۆدزینەوە لەو سزایانەی ئەمەریکا کە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 دا لە ئۆکرانیا سەپاندوونی.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی دۆلار دابەزی

یاسین

پشدەر ئیبراهیم : بۆ ئەوەی سلێمانی خزمەتی زیاتر بكرێت دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن

گوران

پێنج كۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار کران

سەڵاح