بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی کێشەی نەبوونی ئاو لە شارۆچکەی قوروە, ڕۆژی سێشەممە هەموو قوتابخانەکانی ئەم شارۆچکەیە لە نۆبەی بەیانی و ئێوارە داخران.
خەلیل فێعلەگەری، قایمقامی قوڕوە، بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ڕاگەیاندووە، شەوی ڕابردوو پرۆژەی سەرەکیی ئاوی قوڕوە تووشی کێشە بووە و بەو هۆیەوە ئاوی شارۆچکەکە بەتەواوی پچڕاوە و قوتابخانەکانیش داخراون.
قایمقامی قوڕوە دەشڵێت، هۆکاری سەرەکیی پچڕانی ئاوی شارەکە پچڕانی کارەبایە و هیچ بۆڕییەکی پرۆژەکە نەشکاوە و کێشەی نییە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حکوومەتی ئێران بەفەرمی ڕایگەیاند، بەهۆی کەمبوونی گاز و بۆ پێشگرتن لە بەکارهێنانی مازۆت لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پیسبوونی ژینگە، ڕۆژانە بەپێی خشتە چەند کاتژمێرێک کارەبای شارەکان دەبڕن.