شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری كاروبارى پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی کۆڵۆنێل براندستێتەر، بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازيی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ گاڤین رایس، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاريی ئاسایش لە کونسولخانەی ئەمهریکا، سەرپەرشتيی کۆبوونەوەیەکی باڵای نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانانی کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەت و فهریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محهمهد، ئەمینداری گشتی و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەى بوون. وەزیری پێشمەرگە بەگرنگييهوه باسی لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی پرۆسەی چاکسازی و ئەنجامەکانی کارکردنی هاوبەش کرد بۆ بنیاتنان و دامەزراندنی ژێرخانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە. هەروەها ڕایگەیاند “ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە پێداگرین لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی، لەم پێناوەشدا بە هاوکاری و پاڵپشتيی دڵسۆزانەی هاوپەیمانان، بە تایبەت ئەمهریکا، هەوڵەکانمان خێراترکردوون تاکوو پێشمەرگە بگەیەنینه ئاستێکی باڵای سەربازی، کە لە هەموو ڕوانگەيهكهوه بەهێز و دامەزراوبێت”.
لەبارەی جێبەجێکردنی کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگريی ئەمهریکا، شۆڕش ئيسماعيل ڕایگەیاند: خاڵەکانی کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگريی ئەمهریکا بەشێكی زۆری جێبەجێ کراون، کە ئەنجامى هەموو کارنامەکە خزمەت و بەرزکردنەوەی توانستی پێشمەرگە و بە دامەزراوەیکردنی وەزارەتی پێشمەرگەیە لە هەموو بوارەکاندا.
کۆڵۆنێڵ براندستێتەر، وەکوو بەرپرسی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان ڕایگەیاند: وەزارەتی پێشمەرگە ئێستا لە قۆناغێکی پێشکەوتوودایە و هەنگاو بەرەو زیاتر بنیاتنانی فیرقەکان دهنێت، ئێمەش لەم پێناوەدا هاوکار و هەماهەنگ دەبین وەکوو تیمێک کار دەکەین بۆ سەرخستنی چاکسازی و دامەزراندنی ژێرخانی سەربازيی پێشمەرگە.