بەپێی نووسراوێكی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق كە ئاراستەی سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كردووە، ئەوەی راسپاردووە كە لەم بارودۆخە ئەمنییەی ناوچەكەدا، سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنی گشتی و تایبەت و ڕۆژنامەنووسان، سەرنج بخەنە سەر ستایشكردنی دۆخی ئەمنیی عێراق و باش پیشاندانی بارودۆخی ئاسایشی عێراق.
لە نووسراوەكەی دەستەكەدا داوا دەكات: “سەكۆ نەدرێتە ئەو شیكەرەوە سیاسی و ئەمنییانەی كە زانیاری و شیكردنەوەی جیاواز پێشكەش دەكەن” ئەمەش بە بیانووی تێكنەدانی كۆمەڵگە و بارودۆخی سیاسی.
هەروەها لە درێژەدا داوا دەكات دەزگاكان نكۆڵی لەو زانیاری و ڕووماڵانە بكەن و ڕەتیان بكەنەوە كە دەزگاكانی نزیك لە ئیسرائیل! بڵاویان دەكەنەوە، هەروەك ئەوەش سانسۆر دەكات كە ئەو شیكەرەوە سیاسی و ئەمنییانە بانگهێشت بكەن كە زانیاری و لێدوانێكی ئەوتۆ دەدەن كە رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی سەقامگیریی كۆمەڵایەتی لە عێراق كێشەی تێبكەوێت یانیش گومان بخاتە سەر دەزگا ئەمنییەكان.
یەكێكی دیكە لە راسپاردەكانی دەستەكە ئەوە بووە كە دەزگاكانی راگەیاندن بەشێك لە كاتەكانی پەخشی رۆژانەیان تەرخان بكەن بۆ ئەوەی رۆشنایی بخەنە سەر هەوڵ و ڕێوشوێنەكانی دەزگا ئەمنییەكانی عێراق و لە ڕێگەیەوە كار لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكە بكەن.
هەروەك داوای ئەوەش كراوە كە پیاوانی ئایینی و ئیمامی مزگەوتەكان لە هەردوو وەقفی شیعی و سوننی بانگهێشت بكەن بۆ ئەوەی ”گوتاری ئایینیی نیشتمانیی ئەوتۆ بڵاو بكەنەوە كە تێیدا داوای پارێزگاریكردن لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و بەهێزكردنی شیرازەی كۆمەڵگە بكەن و ئاماژە بە هەوڵی هێزە ئەمنییەكان بدەن.“
ئەم سانسۆر و جڵەوكردنانەی میدیا لە عێراق، لە كاتێكدایە كە دەزگا و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، چەندین جار ڕەخنەیان لە ئازادیی ڕۆژنامەوانیی ئەو وڵاتە گرتووە و زانیاریی وردیان لەسەر پێشێلكارییەكانی ئازادیی میدیا خستووەتە ڕوو.