ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

فەرماندیەکی سوپای پاسداران: لە سووریا زەڕەبەمان خوارد و بە خراپیش دۆڕاندمان

فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران کە لە کۆتایی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا بوو، گوتی: ڕووسیا لە سووریا خیانەتی لە ئێران کردووە.
بەهرۆز ئیسباتی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە سوریا، گوتی: ڕووسان لە “کاتە هەستیارەکان”دا بە کوژاندنەوەی سیستەمەکانی ڕاداری خۆیان ڕێگەیان بە ئیسرائیل دا تا “بە ئاسانی” فەرماندە ئێرانییەکان بکاتە ئامانج. لە هەندێک لە هەڵمەتەکانی ئیسرائیلدا لە سووریا، محەمەدڕەزا زاهیدی، جێگری سوپای قودس، سەید ڕەزی مووسەوی، بەرپرسی پشتیوانیی فەیلەقی قودس لە سووریا، و سادق ئومێدزادە، جێگری هەواڵگری‌ی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران.
ئەم فەرماندە باڵایەی سوپای پاسدارانی ئێران لە گوتەیەکدا کە نزیکەی یەک کاتژمێری خایاندووە و میدیاکانی ئێران فایلی دەنگییەکەیان بڵاوکردووەتەوە، گوتی: “ڕووسان دوای تۆفانی ئەلئەقسا بە تەواوی لە دۆسیە و لە بەرەی ڕژێمی سەهیۆنیستی کاریان کرد.”
ئیسباتی میدیاکانی ئێران وەک بەرپرسی بنکەی فەزای مەجازیی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە ناویان بردووە، هەروەها لە ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد ڕووسیای بە تاوانبار زانی و گوتی، ڕووسەکان بەشار ئەسەدیان “فریو” داوە.
ئەم فەرماندەی سوپا گوتی: ڕووسیا لە جیاتی بۆمبابارانی ناوەندەکانی کۆبوونەوەی چەکدارانی دەستەی ئازادکردنی شام و لاوازکردنی هێزەکانی جێگرەوەی تورکیا و قەتەر، ناوچە نیشتەجێیەکان و بیابانەکانی کردە ئامانج کە ئەم بۆردومانە “کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە لاوازکردنی دوژمندا نەبوو.”
هەروەها گوتی کە حکومەتی بەشار ئەسەد “لە ٣ مانگی ڕابردوودا” بە هۆی کاریگەری وڵاتانی عەرەبی وەک ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو “زۆرترین فشاری لەسەر ئێرانییەکان درووست کرد.” ئیسباتی گوتی کە بەشار ئەسەد و هاوسەرەکەی بە دوای جێگرتنەوەی پشتیوانی وڵاتانی عەرەبی لە جیاتی ئێران بوون.
ئەو گوتی کاتێک کە تۆفانی ئەلئەقسا(هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل) دروست بوو، ئێران لە ڕێگەی “باڵیۆز و فەرماندە” لە دیمەشق پێشنیاری کرد ئێستا کاتی هێرشی سوریایە بۆ سەر ئیسرائیل تا بەشێک لەو زەوییانەی ئیسرائیل لەم وڵاتەی گرتووە بگەڕێنێتەوە، بەڵام بەشار ئەسەد گوتی: “من لە بەرخۆداندا تەنها سەکۆی پشتیوانی ئێوەم” و “ناچمە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل” و دژایەتی ئەم پێشنیارەی کرد.
ئەم فەرماندەی سوپا‌ی لە قسەکانیدا هەروەها ئاماژەی بە بابەتێکی کەمتر بیستراو لە بەرپرسانی سەربازی و ناسەربازیی ئێران کرد و گوتی تاران لە سووریا زەربەی خواردووە.
بە هرۆز ئیسباتی هەروەها گوتی: “یەکەم با بڵێم بە شانازیی نازانم کە ئێمە سوریامان لە دەست دا. نا، زەربەمان خوارد… دۆڕاین، بە خراپیش دۆڕاین… زەربەمان خوارد، زۆریش بۆ ئێمە قورس بوو.”

هەواڵی پەیوەندیدار

مۆسکۆ وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەداتەوە

یاسین

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

یاسین

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە

سەڵاح