نووسینگەی سەرۆکایەتی سوریا لە ڕاگەیەندراوێکی کورتدا ڕۆژی چوارشەممە، 29ی مانگی یەک ڕایگەیاند ئەحمەد ئەلشەرع بە فەرمی وەک سەرۆکی قۆناغی ئینتقالی سوریا دەستنیشان کراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “لەدوای ڕێککەوتنی گروپە جۆربەجۆرەکانی سوریا، ئەحمەد ئەلشەرع بۆ ماوەی چوار ساڵەی ئینتقالی وەک سەرۆکی سوریا هەڵبژێردراوە.”
ئاژانسی سانای سوریا بە پشتبەستن بە قسەی حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوریا بڵاویکردوەتەوە ” ئەحمەد ئەلشەرع وەک سەرۆک کۆماری حکومەتی ئینتقالی هەڵبژێردراوە بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی یاسادانانی کاتی و تا ئەو کاتەی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ وڵات پەسەند دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەلشەرع ئەرکەکانی سەرۆکی سوریا جێبەجێ دەکات.”
ڕاگەیەندراوەکە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە سەرجەم گروپە چەکدارەکانی پەیوەندیدار بە یاخیبووان و سوپای سوریا و دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئەسەد هەڵوەشێنراونەتەوە. هەروەها پارتی بەعس و لایەنە گرێدراوەکانی بە گروپی قەدەغەکراو ناسێنران و هەموو موڵک و ماڵی حزبی بەعس بۆ حکومەتی نوێ گوازراوەتەوە.
حەسەن عەبدولغەنی هەروەها ڕایگەیاند “دەستووری ساڵی 2012 و بڕگەکانی هەڵدەوەشێنەوە ” و هەروەها وتیشی “ئەنجوومەنی گەل کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا پێکهێنراوە و بە لیژنە و لقەکانییەوە بە هەڵوەشێنراو ڕادەگەیەنرێن.”
وتەبێژی بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوریا وتیشی “هەڵوەشاندنەوەی سوپای ڕژێمی پێشوو و ئاوەدانکردنەوەی سوپا لەسەر بنکە نەتەوەییەکان ڕادەگەیەنین. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی هەموو دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی پێشوو، لەگەڵ هەموو لقەکانی ڕادەگەیەنین”.
دوای ڕووخانی ئەسەد، گرووپی هەیئەت تەحریر شام کۆنترۆڵی حکوومەتی کاتی سوریای گرتە دەست و زۆربەی بەرپرسەکانی لە نێو ئیدارە ناوخۆییەکانی پارێزگای ئیدلب هەڵبژارد، کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی یاخیبوواندا بوو.
لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سوپای پێشووی سوریا، ئەلشەرع داوای دروستکردنی سوپای نوێی نیشتمانی کردووە، بەڵام نیگەرانی هەیە لە چۆنیەتی یەکخستنی گروپە پەرشوبڵاوەکانی یاخیبوو بە ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە.
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی سوریا چارەنووسی هێزە کوردییەکان لەو وڵاتەدایە کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆوە هەرێمێکی ئۆتۆنۆمیان پێکهێناوە. دوای ڕووخانی ئەسەد، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و گرووپەکانی سەر بە تورکیا زیادی کردووە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی گروپە چەکدارەکانی سوریا ئامادە نەبوون و تا ئێستاش هیچ لێدوانێکیان لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییە نەداوە.
voa