بەبۆنەی(٧٢) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەڕێزان / سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و هەڤاڵانی لێژنەی ڕاپەڕاندنی یەکێتیی قوتابیان کوردستان
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، یادێکی شکۆدار و گەشە لە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان، یادی کاروانێکی پڕ خەبات و چالاکی و کاروکردار و کۆڵنەدانە، یادی توێژی زانستخواز و بەهرەمەند و دڵگەرم لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانمان و مافی ڕەوای قوتابیانە.
دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە (١٨ی شوباتی ١٩٥٣) ڕۆژێکی پڕشنگدارە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیمان و کاری ڕێکخراویی، هەروەها ئەو ڕێکخراوە یەکەمین سەکۆی ئازادی دەنگی قوتابیان بوو لەسەرتانسەری کوردستان. یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، وەک پێویستییەکی مێژوویی توێژی قوتابیان بۆ بەدیهێنانی خواست و ویستەکانیان دامەزرا، ئەو کاروانە پڕ شکۆیەش شایەتی ئەو خەباتە نەپساوەیە دەدات، هەروەها بە بەرنامە و پلانی گونجاوی خزمەتێکی بەردەوامی قوتابیانی کردووە و بۆتە چرای هەمیشە ڕۆشنی زانست و پێشکەوتن.
گرنگی و بایەخ و سەنگ و دەنگی سەرجەم قوتابیان خۆی لەو ڕێکخراوە سڤیلە دەبینێتەوە، بۆیە لە ڕێگەی ئەو ڕێکخراوە و پەیامەکەی توانیویانە چەندین دەستکەوتی گرنگ بۆ ئەو توێژە بەدیبێنن و بەهەموو شێوەیەک داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و هەر ئەو ڕەوتە نەسرەوتووەش قوتابخانەیەک بوو بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی دەیان سەرکردە و کادیری لێهاتوو و دڵسۆز.
ڕۆڵ و کاریگەری توێژی قوتابیان لە هەموو هەلومەرج و بارودۆخێکدا گرنگ بووە، ئەمڕۆش ئەرکی ئێوە و هەموو چین و توێژەکانی دیکەی گەلەکەمانە پێگەی پیشەیی خۆیان بەهێز بکەن بۆ قووڵکردنەوە و پتەوکردنی گیانی بەرپرسیاریەتی و بنیاتنانی داهاتوویەکی ڕۆشن و بەرهەمدار بۆ قوتابیان بە هەستێکی پاکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری.
لە (٧٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و ڕۆژی قوتابیانی کوردستان دا پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوە و کادیر و سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان و گشت قوتابیانی کوردستان دەکەین و ، پشتیوانی خۆمان بۆ یەکێتییەکەتان دووپات دەکەینەوە ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتوودا بە پلان و
بەرنامەی سەردەمیانە لە خزمەتی زیاتری بە قوتابیان دابن.
سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدە نەمرانەی لە ڕێگەی سەرفرازیی یەکێتییەکەتان و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان گیانی خۆیان بەخشی.
سڵاو لە (٧٢) ساڵ تێکۆشان و خەباتی بەردەوامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٨ـی شوباتی ٢٠٢٥
پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەبۆنەی(٧٢) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان
بەڕێزان/ سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و هەڤاڵانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان
ئەمڕۆ بیرەوەری (٧٢) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانە، ئەو ڕێکخراوەی وەک شوورای پۆڵاین و نوێنەری ڕاستەقینەی لاوان، هەمیشە ئاوێنەی خواست و ویستی ئەو توێژە خوێنگەرمە بووە و بۆ بەدیهێنانی ماف و ئامانجەکانیان درێخی نەکردووە.
یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕێکخراوێکی گرنگ و کاریگەری ئەو توێژە بنیاتنەرەی کوردستانە، لەو ڕووەوە شانبەشانی سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکانی تر ڕۆڵی خۆی گێڕاوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر برەوی بە خەباتی مەدەنی خۆی داوە.
مێژووی ئەو ڕێکخراوە هێژایە هەمیشە مایەی شانازی لاوان و گەلەکەمان بووە تا دەستکەوتی زیاتر بۆ ئەو توێژە دەستەبەر بکات و هەر لەو پێناوەشدا بێوچان ژمارەیەک سەرکردە و کادیری دڵسۆزی پێگەیاندووە.
دامەزراندنی یەکێتیی لاوان دەستکەوتێکی دیکەی گرنگ بوو لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان و هەمیشە لە سەنگەری ئەرک و داکۆکیکردن بووە لە خاکی پیرۆز و بەها شکۆدارەکانی نیشتمان و وڵاتەکەمان.
توێژی لاوان توێژێکی بایەخدار و کاریگەر بووە لەناو کۆمەڵگەدا، ئەوان هەمیشە خاوەن گڕوتین و وزە و توانای نوێکردنەوە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەن، بۆیە دەبێ وەک پێشەنگ و شانبەشانی ڕێکخراوەکانی دیکە رۆڵی خۆتان ببین لە کاری مەدەنی و جەماوەری خۆتاندا.
لەو هەلومەرجەی ئەمڕۆشماندا ئەرکی سەرشانی هەموو چین و توێژەکانی کومەڵگەی کوردەوارییە، دڵسۆزانە کاربکەن بۆ پتەوکردنی ستوونەکانی حوکمڕانی و ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان و بەرەوپشبردنی کۆمەڵگەکەمان لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروستی هاوچەرخانە و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و قەوارە سیاسییەکەمان.
لەم بیرەوەریەدا گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ئێوە و کادیران و سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان و لاوانی ئازیزی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتوو بە پلان و بەرنامەی باشتر و گونجاوتر لە خزمەت لاواندا بن.
لەیادی(٧٢)ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پشتیوانی خۆمان بۆ یەکێتییەکەتان دووپات دەکەینەوە بۆ هاندانی لاوە بەهرەمەندەکان و پشتگیری لە کار و چالاکییەکانتان و چارەسەرکردنی کێشە و دەستەبەرکردنی تەواوی ماف و خواست و ویستەکانتان.
سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدە نەمرانەی ژیانی خۆیان لە ڕێگەی سەرفرازی یەکێتییەکەتان بەخت کرد.
سڵاو لە(٧٢) ساڵ تێکۆشان و خەباتی نەپساوەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٨ی شوباتی ٢٠٢٥