سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 22/2/2025 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له شاری به‌غدا به‌شداریی له كۆنفرانسی گفتوگۆی نێوده‌وڵه‌تیی به‌غدا كرد كه هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان محه‌مه‌د شیاع ئه‌لسوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و محه‌مه‌د ئهلحهسسان، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی باڵای عێراق و باڵیۆز و دیپلۆماتكارانی وڵاتانی بیانی تێیدا ئاماده بوون.
له كۆنفرانسه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
جه‌نابى سه‌رۆكوه‌زیران محه‌مه‌د شياع سوودانى،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
سڵاوى خواتان لێ بێت..
خۆشحاڵم به‌شداريى کۆنفرانسی حەوتەمی گفتوگۆى نێودەوڵەتيی بەغدا ده‌كه‌م. ئەم كۆنفرانسه دیدگای عێراق بۆ کرانەوە و يهكترتهواوكردنى هه‌رێمى، هه‌روه‌ها پابەنديى عێراق بە کاری هاوبەش بۆ سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام، ده‌رده‌خات.
بەڕێزان،
عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی گۆڕانکاريی ستراتیژيی قووڵدا تێدەپەڕن کە پێویستی بە هاوکاری و هاوبهشييه، نه‌ك ململانێ و ئاڵۆزیی زیاتر. لەم ڕوانگه‌يه‌وه، پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان وەک ده‌ستپێشخه‌رى و هەنگاوێکی مێژوویی دێت بۆ بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیرتر و گەشاوەتر، لەسەر بنەمای ئابووريی ههمهجۆر، کرانەوەی هەرێمی و یەکترتهواوكردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.
ئێمه لە هەرێمی کوردستان، هەمیشە باوەڕمان وابووە کە سەقامگیريی سیاسی و ئابووريی هەموو عێراق، بەرژەوەندييهكی نيشتمانيى هاوبەشە و گەشەپێدانی ڕاستەقینە بەدی نايه‌ت ئه‌گه‌ر له‌نێوان بەغدا و هەولێر، هه‌روه‌ها له‌نێوان عێراق و دەوروبەريدا له وڵاتانى ناوچه‌كه و جيهان، يهكترتهواوكردن نه‌بێت.
له‌م ڕوانگه‌يه‌وه، پشتگیريی تەواوی خۆمان بۆ ئەم پرۆژە گەورەیە دووپات دەکەینەوە و په‌رۆشين كه له زاخۆوه تا فاو ببێتە نموونەیەک بۆ هاوکارييهكی بنیاتنەرانهى نێوان هه‌موو ناوچه و پێكهاته‌كانى وڵات، هه‌روه‌ها عێراق و هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانى.
عێراق بە پێگه‌ى جوگرافيی ستراتیژی و سامانى ده‌وڵه‌مه‌ندى سروشتی و مرۆیی، دەرفەتێكی گەورەی هەیە ببێتە ناوەندێکی ئابووريی چالاک و گه‌وره لە ناوچەکەدا، هه‌روه‌ها ببێته پردێكى گرنگى به‌ستنه‌وه‌ى كه‌نداو و ئه‌ورووپا و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، بەڵام سەرکەوتن لەمەدا، پێویستی بە هه‌بوونى چه‌ند بنه‌مايه‌كى سه‌ره‌كی هه‌یه، له‌وانه:
ـ چوارچێوەیەکی تۆكمه‌ى یاسایی و ئابووريی بەردەوام کە هه‌ميشه هانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی بدات و زه‌مينه‌يه‌كى هانده‌ر و سه‌رنجڕاكێش بۆ وه‌به‌رهێنان بڕه‌خسێنێت.
ـ گفتوگۆيه‌كى سیاسيی بەرپرسیارانەى لایەنە سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبەشيی ڕاسته‌قينه و لێكتێگهيیشتن و ڕێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشه‌كانى وڵات به گيان و ديدگای نيشتمانييانه، هه‌روه‌ها به‌هێزكردنى دامه‌زراوه ده‌ستوورييه‌كان و چه‌سپاندنى ته‌واوی سيستمى فيدراڵى.
ـ ستراتیژتێکی ئەمنيی پتەو، تاكوو سەقامگیرييهكی به‌رده‌وام مسۆگه‌ر بکات كه جێى دڵنيايى و متمانەى وەبەرهێنەران بێت و بتوانێت پرۆژه‌ى گەورە له بواره جياكانى ژێرخان له هه‌موو كه‌رته‌كاندا، جێبه‌جێ بكات.
هه‌ره‌وها زۆر گرنگ و پێويسته پرۆژه‌ى ڕێگه‌ى گه‌شه‌پێدان ببێته پرۆژه‌يه‌كى نيشتمانيى عێراقى كه هه‌موو ناوچه و شوێن و پێكهاته‌كانى عێراق پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه. ببێته كۆكهرهوهى هه‌مووان بێ جياوازى. نموونه‌ى هاوبه‌شيى ڕاسته‌قينه‌ى عێراقييه‌كان بێت له هه‌ر نه‌ته‌وه و ئايين و مه‌زهه‌بێك و له هه‌ر شوێنێكى وڵات بن. ببێته هۆى گه‌شه‌پێدانی ئابووريى ته‌واوى عێراق.
فره‌ڕه‌نگيى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراق، هێز و ده‌وڵه‌مه‌ندييه. عێراق ده‌توانێت ئه‌م پرۆژه‌يه بكاته ده‌رفه‌تێك بۆ تێپه‌ڕاندنى هه‌موو جياوازييه‌كى نه‌ته‌وه‌يى، ئايينى و مه‌زهه‌بى، بكاته هێزێكى گه‌وره بۆ هه‌موو عێراق كه پێگه‌ى وڵات له‌ڕووى ئابوورى و سياسى و ستراتيژييه‌وه به‌هێز بكات. هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكى دروسته به‌ره‌و بنياتنانى داهاتوويهكى گه‌شتر بۆ هه‌موو عێراقییه‌كان.
بۆيه پشتگیريی ئێمە له هه‌رێمى كوردستان بۆ ئەم پرۆژەیە، تەنها لە ڕوانگەی ئابوورییەوە نییە، بەڵکوو لە ڕوانگەی ستراتیژییەوەیە، چونکە به لاى ئێمه‌وه هەنگاوێکه بەرەو بەهێزکردنی چەمکی (عێراق وەک دەوڵەتێکی کارا) لە ئاسایش و سەقامگیريی ناوخۆيى و ناوچەیی و هێزێکی ئابووريی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هه‌روه‌ها ده‌كرێ له داهاتوودا ببێته يه‌كێك له هێزه ئابوورييه‌كانى جيهان.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
ڕابردووى عێراق فێری کردووین کە گەشەسه‌ندن و پێشكه‌وتن لە ژینگەیەکی سەقامگیردا بەدی دێت. سەقامگیريی عێراق لە سەقامگیريی ناوچەکە جیا ناکرێتەوە، بۆیە دەبێت مامه‌ڵه و ڕوانگه‌مان بۆ گۆڕانکارییە جیۆسياسييهكان، لەسەر بنەمای هاوسەنگی، میانڕەوی، هاوکاری و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش بێت.
بۆيه جەخت لەسەر گرنگيی بەردەواميی ڕێبازی دیپلۆماسيی کارا دەکەینەوە کە حکوومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییه‌كانى، په‌يڕه‌وى ده‌كات. هه‌ر لێره‌وه به پێويستى ده‌زانم دووباره ده‌ستخۆشى له جه‌نابى سه‌رۆكوه‌زيران سوودانى بكه‌م بۆ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى له‌م پێناوه‌دا. ئه‌مه سەلماندی كه عێراق دەتوانێت پردێک بێت بۆ گفتوگۆ، نەک گۆڕەپانێک بێت بۆ ململانێ.
ڕاسته، ئاڵنگارى هه‌ن، بەڵام له هه‌مان كاتدا عێراق به دهوڵهمهنديى سامانى مرۆيى و سروشتيى خۆى، پڕە لە دەرفەتيش. سەرکەوتنمان پەیوەستە بە توانا‌مان لە بەڕێوەبردنی فره‌يى، جياوازیی ناوخۆمان، بەهێزکردنی گيانى هاوبەشی، دانانی بنەماکانی حوکمڕانيی باش و چەسپاندنی سەقامگیريی سیاسی و ئابووری بۆ عێراق. پێویستمان بە پلانی بەردەوام، ئیرادەی سیاسيی جددی و هاوبەشيی ستراتیژيی ژیرانە هەیە، ئەم کۆنفرانسەش هەنگاوێکی گرنگە بەو ئاراستەیەدا.
زۆر سوپاسی پەیمانگای عێراقی ده‌كه‌م بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و سەرکەوتن ده‌خوازم بۆ کارەکانیان. هيوادارم ڕاسپارده‌ى بەرهەمدارى لێ بكه‌وێته‌وه کە یارمەتیدەر بن لە دانانی نەخشەڕێگەیەکی ڕوون بۆ داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ عێراق.
زۆر سوپاستان ده‌كه‌م.
هيواى ڕۆژێكى خۆش بۆ هه‌مووتان