ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی پارتی “داد و گەشە پێدان” (ئاک پارتی)، لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتەکەیدا ڕایگەیاند، هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگا پشتگیریی ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەواڵی تورکیا، ئەردۆغان گوتی: “تیرۆر و سیاسەت، تیرۆر و دیموکراسی، پێکەوە ناگونجێن. بۆیە ئێمە ئەو دەرفەتانەی بەردەستمان بەکاردەهێنین تا کێشەی چل ساڵە چارەسەر بکەین.”
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەمەشکرد، کاتێک توندوتیژی نەمێنێت، دەتوانن لەسەر بنەمایەکی دروست سەبارەت به هەموو کێشەکانیان گفتوگۆ بکەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: “لە کاتێکدا جیهانێکی نوێ دروست دەبێت، پێویستە تورکیا لە کێشەی تیرۆر ڕزگاری بێت. ئێمە سێبەری توندوتیژی و چەک لەسەر وڵات لادەبەین. تورک، کورد و عەرەب دەبینە یەک و توندوتیژیی چلساڵە کۆتایی پێ دەهێنین. کاتێک تیرۆر نەما، لە دیموکراسییەوە تا گەشەپێدان دەرگایەکی نوێ دەکرێتەوە. لە تورکیا بنەمایەکی شیاو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکان دروست دەبێت. هێزی سەرەکیی ئابووری، سیاسەتی دەرەوە و سیاسەت دیموکراسییە. ئێمە یەکڕیزیی نێوخۆ لەسەر بنەمای برایەتی و دیموکراسی دروست دەکەین. ئێمە دەرفەتەکانی بەردەممان باش بەکار دەهێنین. ئێمە هیوای باشترین دەخوازین و بۆ خراپترین ئامادەکاری دەکەین.”
شیاوی ئاماژە پێکردنە، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان تەنیا بەربژێری حزبەکیەتی بۆ ئەوەی جارێک دیکە ببێتەوە سەرۆک.
هەشتەمین کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لەمڕۆ (یەکشەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥) بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ئەنقەرەی پایتخەختی تورکیا بەڕێوە دەچێت.

هەواڵی داهاتوو