ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پارێزگاران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا پلەی یەكەمیان بەدەست هێنا

 

ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا ڕاگەیاندرا و بەوپێیەش پارێزگاران بە سەرۆكایەتیی فرێدریك مێرز پلەی یەكەمیان بەدەست هێناوە. هەروەها پارتی جێگرەوەش لە پێناو ئەڵمانیا كە پارتێكی ڕاستڕەوی دژەكۆچبەرە پلەی دووەمی بەدەست هێناوە.

 

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارێزگارانی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی فرێدریک مێرز پلەی یەکەمی گرتووە و 211 کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە، هەروەها پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی ئەلیس ڤایدل، بە بەدەستهێنانی 142 کورسی لە پلەی دووەمدایە.

 

پارێزگارانی ئەڵمانیا دەنگەكانی گەیشتووەتە 28.5% و 29%، هەروەها پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا دەنگەكانی گەیشتووەتە 19.5% بۆ 20%، ئەمەش ئەنجامێكی بێپێشینەیە بۆ ئەو پارتە.

 

فریدریک مێرتز بەهێزترین بەربژێرە و سەر بە پارتی کریستیان دیموکراتەکانە  (CDU)، پارتەکەی کە هاوپەیمانی لەگەڵ سۆشیاڵکریستیانەکان هەیە، دەنگی یەکەمیان هێناوە. بەوپێیە، مێرتز لە پێش هەموو بەربژێرەکانی دیکەوەیە بۆ بوونە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا.

 

ناوبراو ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، جەختی لەوە کردەوە کە دەیەوێت بە زووترین کات حکوومەت پێک بهێنێت لەبەر ڕۆشنایی ئاستەنگە نێودەوڵەتییەکانی ئێستا.

 

مێرز لە بەرلین گوتی: “دونیای دەرەوە چاوەڕێی ئێمە ناکات، چاوەڕێی دانوستانی درێژخایەنی هاوپەیمانی ناکات، پێویستە ئامادەبین جارێکی دیکە بەخێرایی هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی ئەوەی لە ناوخۆدا چ پێویستە بیکەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە ئەورووپا ئامادە بینەوە.”

 

لەبەرامبەردا شۆڵتز گوتی: “بەرپرسیارێتیی ئەو شکستە تاڵە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا كە بەسەر پارتی سۆسیالدیموکراتدا هاتووە دەگرێتە ئەستۆ”، بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێک لەسەر داهاتووی سیاسیی خۆی بدات. ناوبراو ڕایگەیاند: “بەرپرسیارێتیم لە ئەستۆ دەگرم و پیرۆزبایی سەرکەوتن لە مێرز دەكەم.”

 

ڕۆژی یەكشەممە 23ـی شوباتی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەستی پێكرد، لە کاتژمێر 10 بە کاتی هەولێر بنکەکانی دەنگدان بەڕووی هاووڵاتییاندا کرانەوە و کاتژمێر 8ـی ئێوارەش بنکەکانی دەنگدان داخران.

 

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە 59 ملیۆن ئەڵمانی مافی دەنگدانیان هەبووە بۆ هەڵبژاردنی 630 کورسیی پەرلەمان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی ئه‌ڵمانیا کۆبووه‌وه‌

یاسین

جامی یۆرۆ.. ئەڵمانیا وەک یەکەم هەڵبژاردە خۆی گەیاندە قۆناغی داهاتوو

یاسین

ماڵی نوجێفی پارتێكی نوێ داده‌مه‌زرێنن

یاسین