ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان

 

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـ2- 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کرد.

 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە دیدارەکەی نێوانیان، باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و ڕەوشی گشتیی وڵات کرد، هەروەها پرسە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی نیشتمانی دەستەبەر بکات، خسته‌ به‌ر باس.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنە عێراقییەکاندا و کاری هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی وڵات و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە ڕۆحی هاوکاری و هاوبەشیی نیشتمانی کردەوە. هەروەها هەردوولا باسیان لە دۆخی وڵات و گرنگیی پارێزگاریکردن لە یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچه‌یی و نێودەوڵەتییەکان کرد.

 

نێچیرڤان بارزانی گرنگیدانی هەرێمی کوردستانی بۆ بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان لە عێراق دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی کە لە بەرژەوەندیی ته‌واوی وڵاتدایه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە سەرەتای مانگی نیسانەوە ٣٩ سەربازی سووریا کوژراون و بریندار بوون

یاسین

كاتی دابەشكردنی پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان ئاشكرا دەكرێت

سەڵاح

هەولێر.. بەرەو چارەسەری ڕیشەیی کێشەی ئاو

یاسین