ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

پەیامی پیرۆزبایی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە

ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی پڕ خێری رەمەزانەوە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

((يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ)) البقرة: ۱۸۳

بە بۆنەی هاتنەوەی هاتنه‌وه‌ی مانگی پیرۆزی ره‌مه‌زان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م موسڵمانان به‌گشتی‌و خه‌ڵكی كوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌كه‌ین.

مانگی پیرۆزی رەمەزان وەک روکنی چوارەمی ئیسلام، کە لە ساڵی دووەمی کۆچی لەسەر موسڵمانان فەرز کراوە، مەوسیم و دەرفەتێکى گرنگە بۆ ئەنجامدانی خواپەرستی و بەخۆداچوونەوەو دەبڕینی پەشیمانی و لێبوردەیی و کاری خێرو هەنگاوی چاکەو یارمەتیدانی هەژاران، قوتابخانەیەکە بۆ پەروەردەی دەروونی و خۆ راهێنان لەسەر رەوشتی بەرزی دینداری و، داڕشتنەوەی رەفتارو گەیشتن بە بەها باڵاکانی مرۆڤایەتی، پتەوکردنی پەیوەندی ئیمانیە لەگەڵ خوای باڵا دەست و، بەهێزکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتیە لەسەر بنەمای نیەتپاکی و ئیسلاح و برایەتیەکی دروست و موسڵمانانە.

بۆیە پێویستە هەمووان بە هەستێکی بەرزی ئیمانی پێشوازی ئەم مانگە پڕ خێرو بەرەکەتە بکەین و ماڵەکانی خوا بە دین و دینداری ئاوەدان بکەینەوە، وێڕای بەرزنرخاندنی رۆڵ و خزمەتی زانایانی ئایینی دەخوازین لەم مانگە کۆششەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ قوڵکردنەوەی زیاتری بەها ئیمانیەکان و هۆشیاری ئایینی و ئاشتەوایی و پەروەردەو راستکردنەوەی هەڵەو پەڵەکانی کۆمەڵگەو رەخساندنی کەشێکی ئارامی دینداری.

بەگرنگی دەزانین لێرەوە پەیامێک ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن بکەین، بەوەی لەرێی دروستکردنی گومان و وروژاندنی هەندێ پرس و بابەتی نەگونجاو؛ پشێوی نەخەنە نێو موسڵمانان، بەڵکو هەڵبدەن لەرێی تێکەڵکێشکردنی پەیامی ئیسلامپەروەری و نیشتمانپەروەری خزمەت بکەن، چونکە دواتر خۆیان بەرپرسیار دەبن و ئۆباڵی بڵاوکردنەوەی  زانیاری هەڵە و دروستکردنی پشێوی دەگرنە ئەستۆ؛ بەتایبەت لەو بابەتانەی پەیوەندی بە لایەنی عەقیدەو پەرستشی موسڵمانانەوە هەیە.

بەهیواین حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار؛ تایبەتمەندی ئەم مانگە لەبەر چاو بگرن، له رێزگرتن و چاودێری بازاڕو ئیستغلال نەکردنی ئەم مانگە بۆ بازرگانی و گرانکردنی کاڵاکان و پێداویستی رۆژانەی خەڵک.

دووبارە پیرۆزبایی له‌گشت لایه‌ك ده‌كه‌ین‌و، ئومێده‌وارین مانگی ره‌مه‌زان ببێته‌ مایه‌ی خێرو خۆشی بۆ تێكڕای موسڵمانان به‌گشتی‌و كوردستانیان به‌تایبه‌تی.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

28ی رەشەمێ 2025 زايــــنى

29ی شەعبانی 1446 هیجری

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق پشووی جەژنی رەمەزانی راگەیاند

یاسین

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینى تۆمار کرد

سەڵاح

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌

یاسین