ئەمڕۆ (سێشەممە 8ى 4ى 2025)، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یونامی) ڕایگەیاند، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئهندازیار (بەشیر خالید) هاووڵاتی عێراقی دەکەن کە دوای دەستبەسەرکردنی لە بەغدا لە هەلومەرجێکی گوماناویدا، گیانی لەدەست دا.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە، نوێنەرایەتییەکە نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە قوربانییەکە لەکاتی دەستبەسەرکردندا بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، دوای چهند ڕۆژێک دواتر گیانی لەدەست داوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، “نوێنەرایەتییەکە ئاگاداری بڕیاری دەسەڵاتدارانە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە، بۆیه جەخت لەسەر گرنگی دڵنیابوون دهكهینهوه لەوەی کە لێکۆڵینەوەکە بێلایەن و شەفاف و سەربەخۆ بێت، به شێوهیهك ببێتە هۆی لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، هەروەها گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پێشێلكردنى مافەکانی مرۆڤ لە داهاتوودا”.
پەرلەمانتار حسێن عهرەب، ئەندامی لیژنەی پەرلەمان کە ئەرکی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەندازیاری کوژراو (بەشیر خالید)ى له ئهستۆیه، دووپاتی کردەوە کە ئهندازیارهكه لە ڕاستیدا ئەشکەنجە دراوە، هەروەها نیشانەی لێدان لە پشتی سەریدا هەبووە کە قووڵیەکەی 4 سم بوو كه بە كهرهستهیهكی تیژ لێی دراوە و ئەگەری هەیە لوولهى تفەنگ بێت.
ههروهها گوتیشی: “پێشتر ڕێککەوتنێک هەبووه بۆ لهناوبردن و كوشتنى ئهندازیار بەشیر خالید بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەشێک لە ‘زیندانیكراوهكان’ كراوه، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری خۆی دۆسیەکە دەگرێتە ئەستۆ و بەدواداچوونی بۆ دەکات، بۆیە متمانەمان بە دەسەڵاتی دادوەری هەیە، کە ئەمەش هێزی ئێمە و فاکتەری یەکلاکەرەوەی ئێمەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو جۆرە دۆسیانە”.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە 7/4/2025، بەشیر خالید، بەهۆی ئەشكەنجەدانەوە لەنێو یەكێك لە بنكەكانی پۆلیس لە بەغدا، گیانی لەدەست دا، لەو بارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی بە ماڵپەڕی (بەغداد ئەلیەوم)ی ڕاگەیاندووە: بەشیر خالید، ئەندازیار، دوای ئەوەی لە نێو یەكێك لە بنكەكانی پۆلیس لە بەغدا ئەشكەنجەی توند درا و چەند ڕۆژێك كەوتە باری كۆما (بێئاگاییەوە) ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.


