zagros news agency

لە ئاستانی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا، گڕۆسی سەردانی تاران دەکات


ڕافائێل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە سەردانی تاران بکات، ئەمەش چەند ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێت کە چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی شەممە، ١٩ی نیسان، بەڕێوەبچێت.
کازم غەریب‌ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، بە میدیاکانی ناوخۆی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە گڕۆسی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەکات.
غەریب‌ئابادی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم سەردانە لە چوارچێوەی بەردەوامیی هاریکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدایە.
پێشتریش، ڕافائێل گڕۆسی لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی چین، پشتیوانیی خۆی بۆ دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەربڕیبوو و ڕایگەیاندبوو کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێویستی بە ڕێککەوتنە و پێویستە ئەو ڕێککەوتنە بە زووترین کات ئەنجام بدرێت.
سەردانی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ تاران، لەم کاتەدا و بەر لە دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا، بە هەنگاوێکی گرنگ هەژمار دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان تیشک بخەنە سەر چالاکییەکانی چاودێری و پشکنینی ئاژانس لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی دكتۆر دەشتی دزەیی

یاسین

حەفیز دەڕاجی بێژەری بەناوبانگی تۆپی پێی پیرۆزبایی لە هاندەرانی زاخۆ دەکات

یاسین

ده‌سته‌ی ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق: كۆمپانیای ئاسیاسیڵ 55 ملیار و 600 ملیۆن دینار قه‌رزاره

سەڵاح