ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA)، ڕایگەیاند کە ئێران کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی “چەندین” بۆمبی ئەتۆمی لەبەردەستدایە، هەرچەندە جەختی کردەوە کە هێشتا چەکی ئەتۆمیی بەرهەم نەهێناوە.
گرۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “لۆمۆند”ی فەرەنسیدا ئاماژەی بەوەدا: “ئێران هەموو پارچە پێکهێنەرەکانی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ئەم پارچانەی پێکەوە نەلکاندووە.”
ناوبراو هەروەها باسی لەوەش کرد کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا “پێشکەوتنێکی بەرچاوی” بەخۆیەوە بینیوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی داوای کرد کە ئاژانسەکەی، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە هەر دانوستانێکی ئەگەریی نێوان ئێران و ئەمریکادا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی.
گرۆسی جەختی کردەوە: “بەبێ بەشداریکردنی ئاژانس، هیچ ڕێککەوتنێک مانایەکی ئەوتۆی نابێت،” چونکە ئاژانس تاکە لایەنە کە دەتوانێت چاودێری و پشتڕاستکردنەوەی پابەندبوونەکان بکات.

