zagros news agency

دانیشتوانی کرماشان و سنە لەسەرەوەی لیستی بێکارانی ئێران دان

 

نێوەندی ئاماری ئێران لە راپۆرتێکی تازەدا ئاشکرای کردووە پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین رێژەی بێکارییان لە نێو پارێزگاکانی ئێراندا تۆمارکردووە. کرماشان بە رێژەی ١٥.٢٪ لە پلەی یەکەم و سنە بە رێژەی ١٣.٧٪ لە پلەی دووەمدایە و ئەمەش نیشاندەری قەیرانێکی ئابووریی قووڵە لەم ناوچانە.

بەپێی ئامارەکە، لە زستانی ٢٠٢٤-٢٠٢٥، ڕێژەی بێکاری لە سنە ٥.٩٪ لە تێکڕای رێژەی بێکاری سەرانسەری ئێران کە ٧.٨٪ بووە، زیاترە. ئەمەش مانای ئەوەیە سنە بە تەنها بەشێکی زۆر لە کێشەی بێکاریی ئەم وڵاتەی بەر دەکەوێت. هەروەها، رێژەی هەڵاوسان لە سنە گەیشتووەتە ٣٩.٥٪، و بە بەراورد لەگەڵ تێکڕای ڕێژەی هەڵاوسانی سەرانسەریی ئێران کە ٣٣.٢٪ بووە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادترە.

جێگەی سەرنجە رێژەی بەشداریی ئابووری لە سنە، کە بریتییە لە ژمارەی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ١٥ ساڵەوەیە و بۆ بەدەستهێنانی کار هەوڵ دەدەن، لە تێکڕای رێژەی بەشداریی ئابووری سەرانسەری ئێران زیاترە. ئەمەش نیشان دەدات خەڵکی سنە بە شێوەیەکی چالاکانە لە بازاڕی کاردا بەشداری دەکەن، بەڵام بەهۆی کەمبوونی هەلی کارەوە رووبەڕووی بێکاری دەبنەوە.

پێشتر، “ئاڕەش زرێتەن لهۆنی”، پارێزگاری سنە، کێشەی بێکاریی وەک گەورەترین ئاستەنگی پارێزگاکە ناو بردووە و جەختی کردووە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستیی بە پلانێکی درێژخایەن و وەبەرهێنانی بەرفراوان هەیە. هەروەها، سەید کەمال حوسێنی، سەرۆکی ژووری بازرگانی، پیشەسازی، کانەکان و کەرگەی سنە، کەمیی کارمەندی شارەزا و کەرگەی پێشکەوتووی پیشەیی وەک یەکێک لە هۆکارەکانی سەرەکیی بێکاری لەم پارێزگایە ناو بردووە.

ئەم بارودۆخە ئابوورییە لە کاتێکدایە هەردوو پارێزگای کرماشان و سنە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەردەوام لە نێو سەرەوەی لیستی پارێزگاکانی ئێران بوون کە زۆرترین رێژەی بێکارییان هەبووە. بەپێی ڕاپۆرتان، کەمیی وەبەرهێنان لە پیشەسازی، کەرگە و کشتوکاڵ، هەروەها کاریگەرییەکانی جەنگی ساڵانی ١٩٨٠ەکان و زەرەری سروشتی وەک زەمینلەرزە، رۆڵێکی گرنگیان لەم قەیرانە ئابوورییەدا گێڕاوە.

رێکخراوە ئابوورییەکان و چاودێرانی ناوچەیی داوا دەکەن حکومەتی ئێران پلانەکانی بۆ کەمکردنەوەی بێکاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان خێراتر بکات و وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخانی ئابووری، وەک پیشەسازی و گەشتیاری، لەم ناوچانەدا بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی زێڕ دابەزینی تۆمارکرد و ئۆنسەیەک بە 3339 دۆلارە

سەڵاح

زانکۆلاین پێنج رۆژ درێژکرایەوە

سەڵاح

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەسەدە لە باکووری حەسەکە ڕاهێنانی هاوبەشیان کرد

سەڵاح