عەبدولحەمید دەبیبە، سەرۆکی حکوومەتی کاتی یەکێتی نیشتمانی لیبیا، ڕەمەزان ئەبوجناح، جێگری سەرۆک وەزیرانی لیبیای لە بەڕێوەبردنی وەزارەتی تەندروستی دوورخستەوە و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتەکەی ڕەوانەی دادگا کردووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
ڕۆژنامەی ‘وەسەت’ بڵاوی کردووەتەوە، ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکوومەتی لیبیا، دوای هەندێک پێشێلکاریی هاتووە دەربارەی هاوردەکردنی بارێکی دەرمان لە دەرەوەی پسپۆڕی ‘دەستەی نیشتیمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە’.
کێشەکە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە عێراق هەناردەکردنی یەکەم باری دەرمانی شێرپەنجەیی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی بۆ لیبیا ڕاگەیاند، کە دەستەی نیشتمانیی کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجەی لیبیا ئەو ڕاپۆرتەی ڕەتکردەوە و پشتڕاستیکردەوە کە تەنیا پشت بە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا دەبەستن بۆ هاوردەکردنی دەرمانی شێرپەنجە.
وەزارەتی تەندروستی لیبیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە هاوردەکردنی دەرمان کرد و دووپاتی کردەوە، “پابەندە بە پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان و بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی لەئەستۆ دەگرێت.”
وەزارەتەکە دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان کە “هەموو ئەو دەرمانانەی لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانی حکوومەتەوە دابین دەکرێن، کەوتوونەتە ژێر زنجیرەیەک ڕێکارەوە کە ئامانج لێی دڵنیابوونە لە کوالێتی بەرهەم و کاریگەریی پێکهاتە چالاکەکە.”

