کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پشت بە ژیری دەستکرد دەبەستن.
حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند”ئامێری خێراکردنی پرۆسەی ئەنجامەکان چەندین تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد لەخۆدەگرێت، بە چەند هەنگاوێک کاردەکات کە وای لێدەکات مۆری پشتی کاغەزەکە بناسێتەوە و جیاوازی بکات لە نێوان کاغەزە پوچەڵ و مۆرنەکراوەکان. بەپێی میکانیزمێک بەرنامەڕێژی کراوە، ئەنجامەکان ڕاستەوخۆ لەسەر شاشەی ئامێرەکە نیشان دەدات.”
ئاماژەی بەوەش کرد، “کۆمیسیۆن سوورە لەسەر بەکارهێنانی هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە لە جیهانی تەکنەلۆژیادا هەیە، لە هەمووی گرنگتر خاڵە بەهێزەکانی پرۆسەکەیە لەسەر کاغەزی دەنگدان کە جگە لە ئامێرەکە کەس ناتوانێت ناوەڕۆکی فۆڕمی دەنگدانەکە بزانێت.
باسی لەوەش کرد، “هەموو ئەم ڕێوشوێنانەش بە ئامانجی نەهێشتنی ساختەکارییە، کە بە شەفافیەتێکی زۆرەوە کاردەکات.”

