zagros news agency

 

ئەمڕۆ ٨ـی ئایاری ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کیلنور، جێگری بەرپرسی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراق و تیمی یاوەری کرد.

لەو ڕێورەسمەدا، کە فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا ئامادەبوون، لە سەرەتادا هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە کارەکانی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور کرد، بە تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

وەزیری پێشمەرگە لەبارەی لێکتێگەیشتننامەکە رایگەیاند: “ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، بۆ لێک نزیکبوونەوە و فراوانبوونی پەیوەندییەکانی نێوانمان و گەیاندنی پەیامی پاراستنی یاساکانی نێوونەتەوەییە لە کاتی جەنگ و ڕووبەرووبوونەوەکاندا، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژیان و کەرامەتی لێقەوماوانی جەنگ و بارودۆخە ناهەموارەکان، هەروەها لەپێناو چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێوونەتەوەییەکانە لە جیهاندا.”

هاوكات وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاند: خۆشحاڵین کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری و بەرپرسیارێتییدایە، هەمیشە لە کاتی شەڕ و ئاشتیشدا پارێزگاری لە خەڵکی سڤیل و لێقەوماوانی جەنگ کردووە لە ناوچەکەدا.

لەلای خۆیەوە کیلنور، دڵخۆشی خۆی و پاڵپشتی رێکخراوی خاچی سووری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە و رایگەیاند: لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبین لە کاری پێکەوەیی و پاراستنی یاساکانی جەنگ، دڵنیاین هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئاستی بەرپرسیارێتی باڵادایە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئەم یاداشتنامەیەش زیاتر پەیوەندییەکانی نێوانمان بەرەوپێش دەبات.

لە کۆتایی رێورەسمەکەدا، یاداشتنامەکە واژۆ کراو، هەردوولا پابەندی خۆیان بە جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان دووپات کردەوە لە پێناو پاراستنی بنەما یاساییە نێو نەتەوەییەکان، لەڕێگای ئەنجامدانی خول و وۆرکشۆپی تایبەت لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆ یەکەم جار سیستەمێکی تایبەت بە تۆمارکردنی برینداربوونی هێزەکانی پێشمەرگە ڕادەگەیەندرێت

سەڵاح

عێراق ناڕەزایەتی بەرامبەر لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕادەگەیەنێت

سەڵاح

ژمارەیەك ئامێری بێتەل لە بارەگای حەشدی شەعبی لە نەینەواش تەقیونەتەوە

یاسین