بەرپرسانی تەندروستیی ئێران لە زیادبوونی تووشبوون بە کۆرۆنا هۆشداری دەدەن و داوا لە خەڵک دەکەن لە شوێنە قەرەباڵغەکان دەمامک بەکاربێنن. ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هەناسەدان (کۆرۆنا و ئەنفلۆوەنزا) لە ٢٪ بۆ ٤٪ بەرز بووەتەوە.
قوباد مورادی، بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران گوتی، زیادبوونی سەردانیکردنی نەخۆشخان نیشانەی بڵاوبوونەوەی دووبارەی کۆرۆنایە، بەڵام جەختیشی کردەوە هێشتا نیگەرانییەکی جددی لەبارەی بارودۆخی نائاساییەوە نییە.
بەپێی ڕاپۆرتان، نەخۆشییەکە بە نیشانەکانی تا، ئازاری توندی ماسولکە، دابەزینی پەستانی خوێن، کۆکە و تەنگەنەفەسی بڵاوبووەتەوە و ڕۆژانە چەند حاڵەتێکی پشتڕاستکراوەی کۆڤید لە نەخۆشخانەکان دەخەوێندرێن.
وەزارەتی تەندروستی داوای لە زانکۆ پزیشکییەکان کردووە ڕێوشوێنە خۆپارێزییەکان توندتر بکەنەوە. هاوکات، پسپۆڕانی ڤایرۆسناسیش دەڵێن ڤایرۆسە بڵاوبووەکە هێشتا یەکێکە لە جۆرەکانی ئۆمیکرۆن و ڤایرۆسێکی نوێ نییە.

