سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی 63یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/5/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی 63یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت: “بە بۆنەی 63یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و گشت مامۆستایانی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.”
سەرۆكی حكوومەت هەروەها ڕایگەیاندووە: “خەبات و تێکۆشانی یەکێتیی مامۆستایانی كوردستان و داکۆکیکردنیان لە ماف و داخوازییەکانی مامۆستایانی کوردستان، بەرز دەنرخێنین و پێزانینێکی زۆرمان بۆ مامۆستایانی کوردستان هەیە کە ڕۆڵێکی گرنگ لە پەروەردەکردن و فێرکردنی نەوەکانماندا دەگێڕن.”
هەر لە پەیامەكەیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: “ئومێدەوارم مامۆستایانی کوردستان، لەسەر بنەمایەکی باش و پەروەردەیەکی دروست و هزری نیشتمانپەروەری و خۆشویستنی کوردستان، نەوەیەکی داهێنەر و زانستخواز و ژینگەدۆست پێ بگەیەنن، بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کارایان لە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی کوردستاندا هەبێت.”

