zagros news agency

شەمخانی: ئەگەر ئامریکا سزاکان هەڵبگرێت، تاران ئامادەی ڕێککەوتنی دەستبەجێیە

عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری سیاسیی ڕێبەری ئێران، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی ئێن‌بی‌سیی ئامریکایی گوتوویەتی، تاران ئامادەیە پیتاندنی بە خەستیی بەرز ڕابگرێت و یەدەگی ئۆڕانیۆمی خۆی ڕادەست بکات، ئەگەر ئامریکا هەموو سزاکان دەستبەجێ هەڵبوەشێنێتەوە.
تۆڕی ئێن‌بی‌سیی ئامریکایی ئێوارەی چوارشەممە، ١٤ی مایس (٢٤ی گوڵان)، چاوپێکەوتنێکی تایبەتی خۆی لەگەڵ عەلی شەمخانی بڵاوکردەوە. شەمخانی پێشتر سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئێران بووە و بە یەکێک لە ڕاوێژکارە سیاسییەکانی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی دادەنرێت. ئەو تۆڕە لە زاری ئەم کەسایەتییە باڵا سەربازی و سیاسییەی ئێرانەوە نووسیویەتی، تاران لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی سزاکان، ئامادەی واژۆکردنی دەستبەجێی ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی ئامریکایی.
شەمخانی بەم تۆڕە ئامریکاییەی گوتووە: «ئەمە دەکرێت. ئەگەر ئامریکا هەروەک خۆی دەیڵێت بجووڵێتەوە، بێگومان دەتوانین پێوەندیی باشترمان هەبێت. ئەمە دەتوانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا دۆخەکە بەرەو باشتربوون ببات».
ئێن‌بی‌سی لە زاری شەمخانییەوە نووسیویەتی: «ئەو (دۆناڵد ترامپ) باسی لقە زەیتوون دەکات، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنیا تەلی دڕکاوییە».
ئەم کەسایەتییە باڵا سەربازی و سیاسییەی ئێران هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاریگەریی ئیسرائیل لەسەر سیاسەتەکانی ئامریکا و دانوستانەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئێران کردووە و گوتوویەتی، بەلای ئەوەوە ئەگەر واشنتۆن بتوانێت خۆی لە «کاریگەریی بیبی (نەتەنیاهوو)» «ڕزگار بکات»، ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران «بەدەست دێت».
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەندێک ڕاپۆرت بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە پێشنیازێکی ئێران بۆ پێکهێنانی کۆنسۆرتیۆمێکی هاوبەشی پیتاندن لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە و لەژێر چاودێریی ئامریکادا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، تاران پێکهێنانی کۆنسۆرتیۆمێکی وای وەک جێگرەوەیەک بۆ داواکارییەکەی ترامپ خستۆتە ڕوو؛ ترامپ داوای ڕاگرتنی تەواوەتیی بەرنامەی ئەتۆمیی تارانی کردبوو.
پێشتر ڕاگەیەندرابوو، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەی بەرانبەر دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئامریکا – کە گەڕی چوارەمی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە مەسقەتی عومان کۆتایی هات – گوتبووی، لەوانەیە ئێران بۆ نیشاندانی «نیازپاکیی» خۆی، بە شێوەیەکی کاتی ڕەزامەندی بدات لەسەر کەمکردنەوەی پیتاندن و دابەزاندنی ئاستەکەی.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێش بەڕێوەچوونی گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئێران-ئامریکا، ستیڤ ویتکاف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جارێکی دیکە جەختی کردبۆوە، دەبێت ئێران «هەموو دامەزراوەکانی پیتاندنی» خۆی، لەوانەش «دامەزراوەکانی نەتەنز، فەردۆ و ئەسفەهان، هەڵبوەشێنێتەوە». ئەم لێدوانانە کاردانەوەی ئێرانی لێکەوتەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆڕانیۆمیان بە «هێڵی سوور»ی خۆیان ڕاگەیاند.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی

یاسین

د.نه‌هله‌ ئه‌فه‌ندی بۆ زاگرۆس: ئه‌وه‌ی كوردستان كردوویه‌تی راكێشانی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكایه‌ به‌ئامانجی دروستكردنی هاوبه‌شی

یاسین

تاڵیبان کارەکانی پۆلیسی ئینتەرپۆلی لە ئەفغانستان ڕاگرت

یاسین