zagros news agency

جۆرێکی نوێی نەخۆشیی شەکرە دیاری دەكرێت

 

یەکێتیی نێودەوڵەتیی نەخۆشیی شەکرە بەفەرمی دانی بە جۆری پێنجەمی نەخۆشیی شەکرەدا نا، کە جۆرێکی تایبەتە لەم نەخۆشییە و پەیوەندیی بە خواردنی خۆراكی خراپەوە هەیە لە تەمەنێکی بچووکدا. وا مەزەندەش كراوە، كە نزیکەی 25 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی بوون.

 

ڕۆژنامەی (The Conversation)، كە ماڵپەڕی (RT)ی رووسی وەرگێڕانی بۆ كردووە، ئاشكرای كردووە، جۆری پێنجەمی نەخۆشیی شەکرە لەلایەن پزیشكانەوە بەفەرمی دیاری كراوە، كەوا مەزەندە دەكرێت نزیکەی 25 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی هاتبن.

 

ئەم دانپێدانانە ئاڵۆز و فرەچەشنەی دەستنیشانکردنی نەخۆشیی شەکرە دەریدەخات، لەپاڵ جۆرە باوەکانی (1) و (2)دا، كە ئێستا زیاتر لە دە شێوازی جیاوازی ئەم نەخۆشییە هەن، کە هەر یەکەیان لە هۆکارەکان، میکانیزمی گەشەکردن و شێوازەکانی چارەسەردا جیاوازن.

 

جۆری یەکەم: نەخۆشییەکی خۆبەرگرییە، کە تێیدا سیستەمی بەرگریی لەش هێرش دەکاتە سەر خانەکانی پەنکریاس، کە ئەنسۆلین بەرهەم دەهێنن. ئەم دۆخە دەکرێت لە هەر تەمەنێکدا گەشە بکات و پەیوەندیی بە شێوازی ژیان یان ڕژێمی خۆراکییەوە نییە.

 

ئەم جۆرە بە بەکارهێنانی بەردەوامی ئەنسۆلین چارەسەر دەکرێت. هەندێک جار پێویستی بە چاندنی خانە بەخشراوەکان یان خانە بنەڕەتییەکان دەبێت، کە دەکرێت بەشێکی یان هەموو پێویستی بە ئەنسۆلین کەم بکاتەوە، بەڵام ئەم ڕێگەیە هێشتا زۆر دەستەبەر نییە.

 

جۆری دووەم: بە باوترین جۆر دادەنرێت و زۆر جار پەیوەندیی بە کێشی زیاد و کەمبوونەوەی هەستیاریی ئەنسۆلینەوە هەیە، بەڵام دەکرێت کەسانی خاوەن کێشی ئاساییش تووشی ببن، بەتایبەتی ئەگەر ئامادەیی بۆماوەییان هەبێت.

 

لەم جۆرەیاندا سەلمێنراوە کە دابەزاندنی کێش و پەیڕەوکردنی ڕژێمێکی خۆراکیی کەم کالۆری دەتوانێت ڕەوتی نەخۆشییەکە لای ڕێژەیەکی بەرچاو لە نەخۆشەکان پێچەوانە بکاتەوە.

 

سەبارەت بە شەکرەی دووگیانی لە ماوەی دووگیانیدا گەشە دەکات، بەگشتی لەنێوان هەفتەی 24 و 28دا بەهۆی گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانەوە. زۆربەی جار دوای منداڵبوون نامێنێت، بەڵام مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووەم لەداهاتوودا زیاد دەکات.

 

چارەسەرەکە بریتییە لە گۆڕینی ڕژێمی خۆراکی و چالاکیی جەستەیی و ئەگەر پێویست بکات، بەکارهێنانی ئەنسۆلین.

 

جۆرە کەمتر باوەکانی نەخۆیشی شەکرە هەن کە بەهۆی گۆڕانکاری لە یەک جیندا، یان نەشتەرگەری، یان هەوکردن، یان بەکارهێنانی دەرمان (وەک دەرمانە هۆرمۆنییەکان) ڕوودەدەن. ئەم جۆرانە بۆ نموونە MODY (کە لە قۆناغی پێگەیشتن لای گەنجان دەست پێدەکات) و شەکرەی جۆری 3c دەگرێتەوە، کە بەهۆی نەخۆشییەکانی پەنکریاسەوە گەشە دەکات.

 

جۆری پێنجەمی نەخۆشیی شەکرە كە وەک جۆرێکی نوێی ئەم نەخۆشییە دادەنرێت و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە خراپیی خۆراکی منداڵانەوە هەیە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە کەمیی پڕۆتین و پێکهاتە خۆراکییە گرنگەکانی دیکە دەتوانن گەشەی ئاسایی پەنکریاس تێک بدەن. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای لەش بۆ بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین، سەرەڕای ئەوەی کە سیستەمی بەرگریی لەش ساغ دەمێنێتەوە.

 

جۆری پێنجەم بەتایبەتی لە وڵاتانی کەمداهاتدا باوە و وا مەزەندە دەکرێت کە نزیکەی 25 ملیۆن کەس لە جیهاندا تووشی بووبن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سێ خواردن ڕێگری لە بەرزبونەوەی پەستانی خوێن دەکەن

lana

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

یاسین

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی یانەی وەرزشی ئامەد سپۆر دەکات

یاسین