zagros news agency

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا کۆبووه‌وه‌

 

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2025/5/21بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە به‌ڕێز جەنەراڵ کێڤن لیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا کرد.

لە کۆبوونەوەیه‌کدا که‌ به‌ڕێز کونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریکا له‌ هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی بوو، دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی ئەمنی لە عێراق و سووریا، هەڕەشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش له‌سه‌ر ئاسایش و سەقامگیرییان، تاوتوێ کران.

هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاوکاریی هاوبه‌شی نێوان هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لەگەڵ هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکان، کردەوە.

له‌ کۆبوونەوەکەدا هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی پرسەکانی پەیوەست بە چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لەگەڵ هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانی بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌.

دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگیی هاوبەشییە درێژخایەنەکان له‌پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سه‌قامگیری، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌ بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارێزگاری هەولێر…. ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر کۆنترۆڵ کرا

دڵشاد

شرۆڤەکارێکی ئێرانی: ئێران لە پشتیوانیکردنی گروپەکانی مقاومە بەردەوام دەبێت

سەڵاح

کاتی ئاهەنگگێڕانی ریال مەدرید دیاریکرا

یاسین