ئیبراهیم ڕەزایی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی سی ئێن ئێن، ئاماژەی بە هەڵوێستی بەرپرسانی ئەمریکایی سەبارەت بە پێویستیی ڕاگرتنی تەواوەتیی پیتاندنی یۆرانیۆم لە خاکی ئێراندا کرد. ڕەزایی جەختی کردەوە هیچ هیوایەک بە سەرکەوتنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نییە و کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری شکستخواردنی ئەم دانوستانانە، خەریکی “ئامادەکارییە بۆ پلانی B (پلانی جێگرەوە).”
ڕەزایی ڕۆژی شەممە ٢٤ی ئایار بە ئاماژەدان بەمە کۆماری ئیسلامی “لە ڕەوتی دانوستانە ئەتۆمییەکان نائومێد بووە”، بەو ئاژانسەی گوت: “لەبەرئەوەی لایەنی ئەمریکایی هێشتا لەسەر پیتاندنی سفر سوورە و من دەزانم کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز بە پیتاندنی سفر ڕازی نابێت. بۆیە ئێمە خەریکی تاوتوێکردنی پلانێکی جێگرەوەین.” بەڵام ڕوونی نەکردەوە پلانەکە چی لەخۆدەگرێت.
ناوبراو لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەیدا گوتیشی: “ئەگەر ئامانجی ئەمریکاییەکان تەنیا ڕێگریکردن بێت لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، ڕەنگە بتوانرێت بگەنە ڕێککەوتنێک. بەڵام ئەگەر ئامانجیان ڕاگرتنی تەواوەتیی پیتاندن بێت، بێگومان هیچ ڕێککەوتنێک ناکرێت.” گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی، سەرەڕای ئەمەش، ڕایگەیاند “هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی سەرکەوتنی دانوستانەکان” و زیادی کرد: “تا ئەم ساتە هیچ جددییەتێکی ئەوتۆمان لە لایەنی ئەمریکاییەکانەوە نەبینیوە.”
کۆماری ئیسلامی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٢٣ی ئایار لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا، خولی پێنجەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانیان کۆتایی پێهێنا. ئەم خولە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو گومانەکان لە ناوەندە سیاسییەکانی حکوومەتی ئێراندا سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن زیادی کردووە و هاوکات وا دیارە هەڵوێستی واشنتنیش لەمبارەیەوە توندتر بووەتەوە.

