سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، سەمیم سەلام، سەرۆکی سەنتەری ژینگەی فورات، ڕایگەیاند، دەبێت لەلایەنە پەیوەندارەکانی پارێزگای ئەنبار، بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو کارەساتە ژینگەییەی کە شاری ‘هیت’ـی گرتووەتەوە، ئەویش دەردانی ئەو ژەهرەیە کە لە ئەنجامی سووتانی پاشماوەی زبڵ و خاشاکە بە ناتەندروستی.
سەمیم سەلام گوتیشی، “ئێستا ئاسمانی شاری هیت بە دوکەڵ و گازی ژەهراوی داپۆشراوە و وەکوو هەوری لێهاتووە، هەروەها بەهۆی بڕانی کارەبا و پشتبەستنی دانیشتوان بە موبەریدە قەیرانە تەندروستیی و ژینگەییەکەی زیاتر کردووە.”
ئاماژەی بەوەش کرد، “پێشتریش چەندین جار داوامان کردووە ئاگر لەشوێنی زبڵدانەکان بەرنەدرێن، یان لە ناوچە نیشتەجێبووەکان دووریان بخەنەوە، بەڵام بێ سوود بووە”.
جەختیشی کردەوە، “ئەو گازە ژەهراویانەی لە ئەنجامی سووتاندنی پاشماوەکانەوە دروست دەبێت، لە مەترسیدارترین جۆرەکانی پیسبوونن، و ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تەندروستی دانیشتوان و سەلامەتی ژینگە هەیە.”
سەمیم سەلام ڕونیشی کردەوە، “ئەم کارانە بە مەبەست بێت یان کەمتەرخەمی، دۆخی ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە، ئێمەش لایەنی بەرپرسیار لە هەموو دەرئەنجامەکانی سەرهەڵدانی ئەم کەمتەرخەمییە بە بەرپرسیار دەزانین.”
هەروەها هۆشداریی دا لە مەترسییە تەندروستییەکانی سووتاندنی پاشماوەی ئەو زبڵانە و دەڵێت، مەترسی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ژیانی دانیشتوان و بەتایبەت منداڵان و ئەوانەی نەخۆشی هەناسە تەنگیان هەیە، هەیە.

