زیاتر لە 200 خێزانی عێراقی کەمپی هۆلیان لە پارێزگای حەسەکەی سووریا جێهێشت و گەڕانەوە عێراق، ئەمەش لە ژێر ڕێکاری ئەمنی توندی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوو.
شوکری حەجی، بەرپرسی نووسینگەی دەرچوون لە کەمپی هۆل بە میدیای ناوخۆی عێراقی ڕاگەیاند، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەمە 26مین کاروانی گەڕاندنەوەی عێراقییەکانە بۆ وڵاتەکەیان”. گوتیشی “کاروانەکەی ئەمجارە لە 223 خێزان پێکهاتووە کە 832 کەسن.”
شوکری حەجی ڕوونیشی کردەوە، “گەڕانەوەی ئەو خێزانە عێراقیانەی کە ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان هەیە، بە هەماهەنگی نێوان ئیدارەی خۆسەر و حکوومەتی عێراق بەردەوامە.”
گوتیشی: ئەو خیزانە عێراقییانە بە زیاتر لە 20 پاسی عێراقی لە کەمپی هۆل گوازراونەتەوە عێراق. هەروەها هێزەکانی ئەمەریکا یاوەری پاسەوانی خێزانە گەڕاوەکان بوون. بۆ ئەوەی دڵنیابن لە گەیشتنی ئەو پاسانە بە سەلامەتی.
لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا 241 خێزان کە لە 865 کەس پێکهاتبوون، کەمپی هۆلیان بەرەو عێراق جێهێشت.
پێشتر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرای کردبوو ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەمپی هۆلی سووریاوە گواستراونەتەوە عێراق زیاتر لە 15 هەزار کەسن کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 12 هەزار و 600 عێراقی دیکە تاوەکوو ئێستا لە کەمپەکەدا ماونەتەوە و چاوەڕوانی گواستنەوەن.

