zagros news agency

گوتەبێژی حکومەتی ئێران: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە

فاتیمە موجاهیرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، ڕایگەیاند تاران لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت ، بەڵام لە ئەگەری شکست لە گەیشتن بە ڕێککەوتن “هەموو سیناریۆکان لەسەر مێزن.” ناوبراو هەروەها گوتی حکومەت دان بە ناڕەزایەتیی شۆفێرانی بارهەڵگردا دەنێت و باسی لە هەوڵەکانی حکومەت کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و پچڕانی کارەبا.
موجاهیرانی لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا بە پەیامنێرانی گوت، حکومەتی پزیشکیان لە سەرەتاوە ئاگاداری هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان بووە و لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان “بەرنامەکانی حکومەت لە بواری ئەتۆمی و گەمارۆکاندا دیارن و حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانە دوودڵ نییە، بەڵام ئێران بە پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی، مێزی دانوستان جێناهێڵێت.” و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا، یەکێک لە کێشەکانی ئەم دانوستانانەی بە “هەڵوێستە دژبەیەکەکانی ئەمریکا” ناوبرد، بەڵام جەختی کردەوە حکومەت لەم دانوستانانە بە پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و بەو ئاراستەیەی لە بەرژەوەندیی وڵاتدایە، بەردەوام دەبێت.
موجاهیرانی گوتی: سەبارەت بە مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر، “وەزارەتی ڕێگاوبان لەگەڵ توێژی شۆفێرانی بارهەڵگر قسەی کردووە و هەنگاوی باش نراون. دەبێت ئاگاداری ئەوە بین مافی هاووڵاتییان زیانی پێنەگات و ڕێگریش لە قاچاخی سووتەمەنی بکرێت.”
جێی باسە، زۆرێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە ئێران ماوەی دوو هەفتەیە لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە دۆخی گوزەرانیان، لەوانە کەمکردنەوەی پشکی سووتەمەنی، نزمیی کرێی بار، زیادبوونی سزا داراییەکان و گرانیی کەرەستەی یەدەگ، دەستیان لەکار کێشاوەتەوە. ئەوان هەروەها داوای ئازادکردنی شۆفێرە دەستگیرکراوەکان دەکەن. یەکێتییەکانی شۆفێرانی بارهەڵگر دەڵێن، ئێستا لە ١٤٠ شاری سەرتاسەری وڵات مانگرتن بەردەوامە.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشکردنی مووچە روونکردنەوەیەک دەدات

یاسین

کەشناسی : پێشبینی هاتنى شەپۆڵى باران و بەفر دەکرێت

سەڵاح

مەسرور بارزانی و باڵیۆزی فەرەنسا چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد

یاسین