لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، دەربارەی جێبەجێکردنی بەرنامەی سیانەی یارمەتیی مرۆیی و گەشەپێدان و ئاشتی بۆ بەشە زیانلێکەوتووەکانی عێراق لە کۆچبەران و گەڕاوەکان، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی (ئاکت ئەلایانس/Act Alliance) بڵاوی کردەوە: “سەرەڕای هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی کۆچبەری و داخستنی کامپەکان، چاوەڕوانکراوە ئەم قەیرانە درێژخایەنە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت، ئەمەش بەهۆی نەبوونی چارەسەرە بەردەوامەکان بۆیان لە خزمەتگوزاریی بنەڕەتی و ئاوەدانکردنەوە و دەرفەتی ژیان.”
لەو ڕاپۆرتەدا، ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: “٤٥% لە ئاوارەكانی ناو کەمپەکان دەڵێن: نەبوونی دەرفەتی ژیان و نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی، گرفتی سەرەکیین لەبەردەم گەڕانەوەیان، بەم هۆیەوە ٨٥%یان ئامادەییان پیشان نەداوە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچە و زێدی ڕەسەنی خۆیان.”
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەش کردووە: “دوای هەشت ساڵ لە کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە داعش، بارودۆخی مرۆیی لە عێراق هێشتا ناهەموارە. سەرەڕای ئەوەی عێراق لە پۆلی وڵاتانی خاوەن داهاتی سەروو ناوەنددایە، بەڵام هێشتا لەناو قەیرانەکاندا دەناڵێنێت، ئەویش بەهۆی نەبوونی سەقامگیری و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی، ئەمەو بێجگە لە کارەساتە سروشتییەکان و دەرەنجامەکانی گۆڕانی كەشوهەوا، هێشتا وڵاتەکە هیچ هەنگاوێکی بەپەلەی نەناوە و چاوەڕوانی یارمەتیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات.”
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئاکت ئەلایانس، ئەوەشی خستووەتە ڕوو: ”لە عێراقدا سیفەتی کۆچبەریی درێژخایەن بووەتە ژینگەی دوای جەنگ، لەگەڵ نەبوونی هۆکارەکانی یەکگرتنەوەی کۆمەڵایەتی و کەمی لە توانای بنیاتانەوەی خانووە زیانلێکەوتووەکان و گەڕاندنەوەی ژێرخانە بنەڕەتییەکان لەگەڵ نەبوونی دەرفەتەکانی کار و ژیان.“
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات: “زۆر لە ئاوارە و کۆچبەران و ئەوانەیشی گەڕاونەتەوە، هێشتا لە پەناگەی نیشتەجێبوونی مەترسیداردا دەژین، لەگەڵ سەختیی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی بنەڕەتی و نەبوونی دەرفەتەکانی ژیان و کاسبیی ڕۆژانە و کەمیی هیوا بۆ دەستکەوتنی چارەسەرە بەردەوامەکان.”
هەروەها باسی لەوەش کردووە: “ئەو عێراقییانەی گەڕانەوەتەوە بۆ ناوچەکانیان، هێشتا شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاویان بەدەست نەهێناوە، لەگەڵ لاوازیی توانای ئابووری، یان توانای دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی بنەڕەتی، یان هەر بارودۆخێکی بنەڕەتیی دیكە، کە یارمەتیی لە دۆزینەوەی چارەسەرە بەردەوامەکان بدات لە ناوچەکانی گەڕانەوە.”
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی گەندەڵی و کەمتەرخەمییەوە، قەیرانی کۆچبەریی درێژخایەن لە عێراق لە چەند ساڵی داهاتوودا بەردەوام بێت. لەمبارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات: ”هۆکاری ئەمە لە پلەی یەکەمدا دەگەڕێتەوە بۆ وێرانکردنی خانووەکان و ژێرخانەکان و نەبوونی ئاسایش و ترس و شۆکە دەروونییەکان، لەگەڵ کەمیی ڕێگەکانی ژیان و سەرچاوە داراییەکان. ژێرخانەکان هێشتا لە زیانی گەورە یان وێرانی بەرچاودا دەناڵێنن، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەکان کە ژێر دەسەڵاتی داعش بوون، جگە لەمەش، گەندەڵیی ئیداری و سیاسی یەکێکە لە بڵاوترین ئاستەنگەکان لەبەردەم چارەسەرە بەردەوامەکان لە عێراق.“
ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ئاکت ئەلایانس باسی لەوەش کردووە: ”هیچ ئەگەرێك نییە لە ساڵانی داهاتوودا چارەسەری بەردەوام بۆ هەموو کۆچبەران بدۆزرێتەوە و بارودۆخ لە هەموو ناوچەکانی گەڕانەوەدا چاک ببێتەوە و سەقامگیر بێت، لە کاتێکدا ڕەنگە کامپەکانی کۆچبەران دابخرێن، یان تێکەڵ بکرێن.“

