zagros news agency

وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکای بە “نایاسایی” ناوبرد

 

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکای بۆ سەر تۆڕە بانکییە نهێنییەکانی شەرمەزار کرد و بە هەنگاوێکی نایاسایی و بەڵگەی “دوژمنکاریی بەردەوامی” واشنتۆن لە دژی گەلی ئێران وەسفی کرد.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گەمارۆ نوێیەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکای بۆ سەر زیاتر لە ٣٠ کەسایەتی و دامەزراوەی پەیوەست بە تۆڕی بانکیی نهێنیی کۆماری ئیسلامی، بە “نایاسایی” وەسف کرد و بە توندی ئیدانەی کرد.

بەقایی، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٧ی حوزەیران، ئەم گەمارۆیانەی بە “پێشێلکردنی بنەما و پێوەرە یاساییە نێودەوڵەتییەکان” ناوبرد و بە “بەڵگەیەکی دیکەی دوژمنکاریی قووڵ و بەردەوامی ڕژێمی حاکم لە ئەمریکا لە دژی گەلی ئێران” لە قەڵەمی دا.

ناوبراو هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە گەمارۆکانی ئەمریکا “بە ئامانجی زیادکردنی فشار لەسەر تاک بە تاکی هاووڵاتییانی ئێرانی و بێبەشکردنیان لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ داڕێژراون و جێبەجێ دەکرێن.”

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە ١٠ کەس و ٢٧ دامەزراوەی لە ئێران، چین، ئیمارات و هۆنگ کۆنگ خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە. بە گوتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایی، ئەم تۆڕە بانکییە نهێنییە بە سپیکردنەوەی ملیارەها دۆلار، پارەی بۆ پڕۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران و هەروەها چالاکییە پڕۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی دابین کردووە.

جێی ئاماژەیە، حکوومەتی ئەمریکا لە ٢١ی ئایارەوە تا ڕۆژی هەینی هیچ گەمارۆیەکی نوێی بەسەر ئێراندا نەسەپاندبوو و هەندێک لە میدیاکان ئەم وەستانەیان بە دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تارانەوە گرێ دابوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی زێڕ لە هەلکشانە

سەڵاح

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق: دەبێت بکەرانی هیرشەکەی سەر کێلگەی گازی کۆرمۆر ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە

سەڵاح

وه‌زیری ئه‌وقاف: بڕیارماندا بەگەڕانەوەی سەرجەم حاجیانی کوردستان بەڕێگەی وشکانی

سەڵاح