zagros news agency

کەناڵی CNNی ئەمریكی لە راپۆرتێکدا باس لە رۆڵی مەسرور بارزانی بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێم دەکات

 

لە راپۆرتێکدا کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، باس لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ بوژاندنەوەی باری ئابووری کوردستان و لە لێدوانێکیشدا مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و لە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەوڵی کاری وەبەرهێنان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بکەن.

لە راپۆرتەکەی کەناڵی سی ئێن ئێندا، مەسرور بارزانی، بە تیشک خستنە سەر تایبەتمەندییە ناوازەکانی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتنەکانی بەراورد کرد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق و سەرکەوتنەکەی گەڕاندەوە بۆ گرنگیدانی زوو بە حوکمڕانی و ئاسایش.

لەوبارەیەوە، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: “بێگومان ئێمە بارودۆخێکی باشترمان هەیە، ئاسایشێکی باشترمان هەیە، ژێرخانێکی باشترمان هەیە. رەنگە ئێمە کەمێک زووتر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەستمان پێ کردبێت، بەڵام بە چڕی سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە دڵنیا بینەوە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.”

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە چۆنێتی هاندانی کۆمپانیا بیانییەکان کردووە و دەڵێ “کوردستان دەتوانێت ببێتە دەروازەیەک بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق. بۆیە، هەر کەسێک بیەوێت بێت و لە کوردستان وەبەرهێنان بکات، دەفەتێکی باشی دەبێت، بڕواننە دەرفەتی وەبەرهێنان لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش.”

لە راپۆرتەکەی کەناڵە ئەمریکییەکە هاتووە کە ئامانجێکی سەرەکیی دیکەی سەرۆک وەزیران، دوورکەوتنەوەیە لە پشتبەستنی هەرێمی کوردستان بە داهاتی تەنیا کەرتێکی وەک نەوت.

مەسرور بارزانی بە CNNی گوت، “لە راستیدا، پلانی ئێمە ئەوەیە کە ئابوورییەکەمان هەمەجۆر بکەین، بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە کە سەرچاوەی جیاوازمان هەیە بۆ داهات، و تەنیا پشت بە نەوت نەبەستین. هەوڵمان داوە سەیری ئەوە بکەین چۆن دەتوانین وەبەرهێنان لە کشتوکاڵدا بکەین، کوردستان بکەینە ناوچەیەکی پیشەسازیی، یان چۆن دەتوانین گەشتوگوزار پەرە پێ بدەین.”

لەدرێژەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە کاریان کردووە بۆ راکێشانی زیاتری وەبەرهێنەری بیانی و گوتی “بەداخەوە، وەبەرهێنانی بیانیی زۆرمان نییە و ئەوە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە وایکرد یاسای وەبەرهێنان بگۆڕین، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی ببێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێشتر بۆ وەبەرهێنەری زیاتری بیانی.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق دەكات

دڵشاد

شێرکۆ حەبیب بۆ زاگرۆس: سه‌رۆك بارزانی توانی کوردستان بکاتە پانتایەکی سەقامگیری و پێکەوەژیان و برایەتی لە نێوان هەموو پێکهاتەکان

سەڵاح

کۆمپانیای AMD لەگەل Open Ai گرێبەست دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زیرەکی

یاسین