دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سووریا بڵاویان کردەوە، لە ئەنجامی دوو هێرشی جودای درۆنی لە پارێزگای ئیدلب، سێ کەس کوژران. پێشبینی دەکرێت ئەو درۆنانەی هێرشەکەیان ئەنجام داوە، سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووبن.
تیمی بەرگریی شارستانیی سووریا، کە بە “کڵاو سپییەکان” ناسراون، ڕایانگەیاند، لە هێرشی یەکەمدا لەسەر ڕێگای نێوان سەرمەدا و بەرەدقەلی لە باکووری ئیدلب، دوو کەسی نەناسراو کرانە ئامانج کە سواری ماتۆڕسکیلێک بوون و لە ئەنجامدا هەردووکیان گیانیان لەدەست دا.
هاوکات، لە هێرشێکی دیکەدا لەسەر ڕێگای شارۆچکەی ئەتمێ لە باکووری ئیدلب، درۆنێک کەسێکی دیکەی کردە ئامانج و دەستبەجێ کوژرا. بە گوێرەی زانیاریی سەرەتایی، ئەو کەسەی لەم هێرشەدا کوژراوە، ئەندامی ڕێکخراوی “حوراس ئەدین” بووە کە ڕێکخراوێکی سەر بە قاعیدەیە و لەلایەن ئەمریکاوە داواکراوە.
پارێزگای ئیدلب بە یەکێک لە دوا پێگەکانی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکوومەتی سووریا دادەنرێت و زۆرجار دەبێتە گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.

