كەشتییەكی پڕ لە نەوتی عێراق كە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتووە، لە گەرووی هورمز تووشی پێكدادان بووە لەگەڵ كەشتییەكی نەوتهەڵگری دیكە و هەردووكیان تا ئێستا دەسووتێن.
پاش ئەوەی میدیاكانی جیهان دەنگوباسی پێكدادانی دوو كەشتیی نەوتهەڵگریان لە گەرووی هورمز بڵاو كردەوە، نەبیل مەرسوومی، ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ لە عێراق، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ٦ی ٢٠٢٥، دوو كەشتیی نەوتهەڵگر لە نزیک گەرووی هورمز پێكیان داداوە، بەهۆیەوە هەردووکیان ئاگریان گرتووە.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە ڕووداوەكە لە كاتێكدایە كە پاش دەست پێكردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ژاوەژاوی ئەلیكترۆنی (تشویش الالكتروني) لە ناوچەكە زیادی كردووە كە بۆتە هۆی دروستكردنی كێشە لە سیستەمی كەشتیوانی لە نزیك ڕێڕەوە ئاوییەكانی نێوان ئێران و سوڵتاننشینی عومان، لە كاتێكدا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بەو ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت.
هەروەك ئەوەی خستۆتە ڕوو كە کۆمپانیای (TankerTrackers .com) کە خزمەتگوزارییەکی بەدواداچوونی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانە، ئەوەی خستۆتە ڕوو كە کەشتیی (فرۆنت ئیگل) بڕی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتووە و لە ڕێگەدا بووە بەرەو (چۆشان)ی چین.
ئەم رووداوە لە كاتێكدایە كە لەم دواییانە دەنگوباسی داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە زیادیان كردووە، هەروەك چەند بەرپرسێك لە ئێران باسیان لەوە كردووە كە ئەگەر بەپێویستی بزانن، دوور نییە گەرووی هورمز دابخەن.
جێی باسە سەرجەمی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە و بە كەشتی رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت، بۆیە چاودێران باس لەوە دەكەن كە ئەگەر ئەو گەرووە دابخرێت، ئەوا عێراق رووبەڕووی كارەساتێكی ئابووریی گەورە دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی هیچ دەروازەیەكی هەناردەكردنی نەوتی نامێنێت و ناچار دەبێت پەنا بۆ بۆڕیی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بهێنێت كە لە توانایدا هەیە ڕۆژانە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی پێدا هەناردە بكرێت بۆ بەندەری جەیهان لە توركیا.

