zagros news agency

بانکی نێودەوڵەتی زیاتر لە 140 ملیۆن دۆلار بۆ کارەبای سووریا دابین دەکات

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2025، بانکی نێودەوڵەتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، دوێنێ ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاران ڕەزامەندیان لەسەر پێدانی 146 ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی سووریا دا، کە پارەکە  بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا و پاڵپشتیکردن لە بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکە خەج دەکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پرۆژەی کارەبای فریاگوزاریی سووریا ئامانجی نۆژەنکردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوە و وێستگە لاوەکییە زیانلێکەوتووەکانی کارەباییە، هەروەها هاوکاری تەکنیکی بۆ پاڵپشتیکردنی پەرەپێدانی کەرتی کارەبا و بنیاتنانی توانای دامەزراوەکانیەتی.

بەهۆی ململانێکانەوە ساڵانێکە زۆرێک لە تۆڕەکانی کارەبای سووریا پەکخراوە و کارەباکەی دوو بۆ چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کەم کردووەتەوە و زیان بە کەرتە گرنگەکانی وەک ئاو، چاودێری تەندروستی، خۆراکی کشتوکاڵی و نیشتەجێبوون گەیاندووە.

ژێرخانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبای سووریا تووشی زیانێکی زۆر بووە و پێویستی بە چاککردنەوە و مۆدێرنکردنی خێرا هەیە.

نەبوونی چاککردنەوە و پارچەی یەدەگ و وەبەرهێنان دۆخی کارەبای خراپتر کردووە، ئەمەش وایکردووە کارەبا تووشی پچڕانی بەردەوام بێت.

ژان کریستۆف کارێ، بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: “لە نێو پێداویستییەکانی ئاوەدانکردنەوەی سووریا، نۆژەنکردنەوەی کەرتی کارەبا وەک وەبەرهێنانێکی گرنگ بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانی گەلی سووریا دەبینرێت، هەروەها پاڵپشتی گەڕانەوەی پەنابەران و ئاوارەکانی ناوخۆ، کاراکردنی دەست پێ کردنەوەی خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەک ئاو و چاودێری تەندروستی بۆ دانیشتووان دەکات.”

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەم پڕۆژەیە نوێنەرایەتی هەنگاوی یەکەمی پلانی بانکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ زیادکردنی پشتیوانییەکانی بۆ سووریا لەسەر ڕێگای بەرەو بوژانەوە و گەشەسەندن.”

محەممەد یەسر بەرنیە، وەزیری دارایی سووریا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، “وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبادا زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنی ئابووری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و باشترکردنی بژێوی ژیان.”

ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەم پڕۆژەیە یەکەم پڕۆژەی بانکی نێودەوڵەتییە لە سووریا لە ماوەی نزیکەی چوار دەیەدا، هیوادارین ڕێگە خۆشبکات بۆ بەرنامەیەکی پشتیوانیی تۆکمە بۆ یارمەتیدانی سووریا بۆ پێشکەوتن لەسەر ڕێگای بوژانەوە و گەشەپێدانی درێژخایەن.”

هەواڵی پەیوەندیدار

پڕۆژەی دروستکردنی شەقام و قیرتاوکردنی ناوچەی پیشەسازی قەزای بنەسڵاوە کەوتە بواری جێبەجێ کردن

سەڵاح

بەوێنە؛ دیمەنەکانی جووتسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی، کە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەکرێتەوە

سەڵاح

ئومێد خۆشناو دوو خزمەتگوزاریی نوێی لە پارێزگای هەولێر راگەیاند

سەڵاح